ئەنجوومەنی گوندی گوهەرزێ بۆ پەکەکە و تورکیا: شەڕی خۆتانمان لێ دوور بخەنەوە

بۆمبارانێکی سوپای تورکیا بۆ سەر گوندی گوهەرزێ
بۆمبارانێکی سوپای تورکیا بۆ سەر گوندی گوهەرزێ

ئەنجوومەنی گوندی گوهەرزێ داوا لە چەکدارانی پەکەکە و سوپای تورکیا دەکات شەڕەکەیان لە گوندەکەیان و هاووڵاتییانی سڤیل دوور بخەنەوە. باس لەوەش کراوە، شەڕەکە بووەتە هۆی ئەوەی خەڵکی گوندەکە، نەتوانن  کشتوکاڵ و ئاژەڵداری بکەن.

موختار و ئەنجوومەنی گوندی "گوهەرزێ"ـی سنووری قەزای ئامێدی، ڕوونکردنەوەیەکی لەبارەی شەڕی ئێوارەی ڕۆژی هەینی، 21-02-2025، لە نێوان چەکدارانی پەکەکە و ژمارەیەک سەربازی سوپای تورکیا، بڵاو کردەوە. 

بە گوێرەی ڕوونکردنەوەکە "دەڤەری ئامێدی بە شێوەیەکی گشتی و بە تایبەت گوندی گوهەرزێ، لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا بووەتە گۆڕەپانی شەڕی پەکەکە و سوپای تورکیا و ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی خەڵکی گوندەکە، نەتوانن کشتوکاڵ و ئاژەڵداری بکەن، ئەمەش نیگەرانیانی  کردووە." باسی لەوەش کردووە "بەهۆی شەڕی پەکەکە و سوپای تورکیا، تاوەکوو ئێستە چەندان جار موڵک، خانوو و ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییانی سڤیل گولـلـە و تۆپیان بەر کەوتووە و بوونەتە قوربانیی شەڕەکە."

لەبارەی شەڕەکەی ئێوارەی هەینیش، ئەوە خراوەتە ڕوو، شەڕەکە لە دووەم ڕۆژی پرسەی دانیشتوویەکی گوندەکە، لەو کاتەی پێشوازیی لە میوانان دەکرا، ڕووی داوە و دانیشتووانی گوندەکەی، بە پیر، گەنج و منداڵەوە خەمگین، نیگەران و ترساندووە بەتایبەت منداڵان.

موختار و ئەنجوومەنی گوندی گوهەرزێ داوا لە پەکەکە و سوپای تورکیا دەکەن، شەڕەکەی خۆیان لە گوندەکەیان و هاووڵاتییانی سڤیل دوور بخەنەوە و دۆخی ئەمنی و لایەنی دەروونیی خەڵک ڕەچاو بکەن. هاوکات باس لەوەش کراوە "لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاگادار دەکەینەوە، ئێمە بە هیچ شێوەیەک دەستوەردان لەم شەڕەدا ناکەین و ئارامی و سەقامگیریی خەڵکی گوندەکەمان بە هیچ نرخێک ناگۆڕینەوە."

لە بەشێکی دیکەی ڕوونکردنەوەکەدا هاتووە "بە مافی خۆمانی دەزانین، سکاڵا لەسەر هەموو ئەو کەسانە تۆمار بکەین کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان تۆمەتی بێبنەمای بە خەڵکی گوندەکەمان کردووە."

 
 
 
Fly Erbil Advertisment