عراقچی: لەژێر فشاردا لەبارەی پرسی ئەتۆمی لەگەڵ ئەمەریکا دانوستان ناکەین

عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران
عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران

وەزیری دەرەوەی ئێران، ڕایگەیاند: تاران لەژێر گوشار و هەڕەشەکاندا دانوستانی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمەریکا لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ناکات.

سێشەممە 25ـی شوباتی 2025، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە تاران لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا کۆبووەوە، دوای کۆبوونەوەکەش کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانییان ئەنجام دا.

وەزیری دەرەوەی ئێران، گوتی: تاران لەژێر گوشار و هەڕەشەکاندا دانوستانی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمەریکا لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئەنجام نادات.

هاوکات جەختی لەوە کردەوە، ئێران بەردەوام دەبێت لە هەماهەنگی لەگەڵ وڵاتان لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمییەکەی، بە تایبەتیی ڕووسیا و چین.

گوتیشی: هەڵوێستی ئێران تایبەت بە دانوستانەکان لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکان بە تەواویی ڕوونە.

لەبارەی ڕاگواستنی دانیشتووانی غەززەوە، عراقچی، ئاماژەی بەوە کرد: تاران ڕاگواستنی دانیشتووانی غەززە ڕەت دەکاتەوە و کۆڵیش نادات لە پاڵپشتیکردنی هاووڵاتییانی کەرتەکە تا ئەو کاتەی دەگەن بە ئامانجەکانیان.

وەزیری دەرەوەی ئێران، باسی لە دۆخی سووریاش کرد و گوتی: ئێمە هەڵوێستی هاوشێوەمان لەگەڵ ڕووسیا سەبارەت بە سووریا هەیە و، دەمانەوێت ئاسایش و سەقامگیریی لە وڵاتەکە هەبێت.

سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا

لاڤرۆڤ: پێویستە کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر بنەمای بڕیارنامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان چارە بکرێن

وەزیری دەرەوەی ڕووسیا، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ هاوتا ئێرانییەکەی ڕایگەیاند: دیالۆگی سیاسی لەنێوان تاران و مۆسکۆ لە ئاستێکی زۆر باش دایە.

باسی لەوەش کرد، مۆسکۆ دڵنیایە لەوەی کە ڕێوشوێنە دیپلۆماسییەکان تا ئێستاش لەسەر مێزی گفتوگۆن سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکانی ئێران.

هاوکات دەڵێت: پێویستە کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر بنەمای بڕیارنامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان چارە بکرێن.

لەبارەی پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان ڕووسیا و ئێران، لاڤرۆڤ، دەڵێت: ئاڵوگۆڕی بازرگانیی لەنێوان هەردوو وڵاتدا هەیە و زیاتریش پەرەی پێدەدەن. جەختیشی لەوە کردەوە، کار دەکەن بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی سزاکان لەسەر ئابووریی ڕووسیا.

وەزیری دەرەوەی ڕووسیا، لەبارەی دۆخی سووریا، جەختی لە گرنگی پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سووریا و یەکگرتوویی گەلەکەی کردەوە.

کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشی نێوان وەزیرانی دەرەوەی ئێران و ڕووسیا

 

 
Fly Erbil Advertisment