شاندی باڵای پارتی و یەکێتی لەکۆبوونەوەدان

چوارشەممە، 26ـی شوباتی 2025، نەورەس عەبدولڵا، پەیامنێری کوردستان24، ڕایگەیاند، کەمێک پێش ئێستا شاندی باڵای یەکێتی بە سەرۆکایەتی قوباد تاڵەبانی گەیشتنە مەکتەبی سیاسیی پارتی لە پیرمام.
بەگوێرەی زانیارییەکانی نەورەس عەبدوڵڵا، کۆبوونەوەکە درێژکراوەی کۆبوونەوەی شەممەی ڕابردووە کە لە سلێمانی بەڕێوە چوو، ئامانج لەکۆبوونەوەکەش درێژەدانە بەو وردەکارییانەی کە لە ڕەشنووسەکەدا هەیە، کە شاندی تەکنیکیی پارتی و یەکێتی لەدوای پێنج کۆبوونەوە ئەو ڕەشنووسەیان ئامادەیان کردووە.
ئاماژەی بەوەش کردووە، ڕەشنووسەکە نۆ تەوەری جیاوازی لە خۆگرتووە، ئەوانیش بریتین لە 'دارایی، وزە، پێشمەرگە، پەیوەندییەکان، پەرلەمان و حکوومەت و کۆمەڵێک بابەتی ئەمنی و دەسەڵاتەکان'، هەروەها ڕەشنووسەکە لە 15 لاپەڕە پێکهاتووە.
بەگوێرەی زانیارییەکان، لەکۆبوونەوەی شەممەی ڕابردووی نێوان پارتی و یەکێتی، لەسەر بەشێک لەخاڵە ناکۆکان لێکگەیشتنیان هەبووە، بۆیە ئەو خاڵانەی لەسەر کۆکن زیاترە لەو خاڵانەی لەسەری ناکۆکن، بۆیە هەردوولا دەیانەوێت ئەو خاڵە ناکۆکانەش تێپەڕێنن، بەڵام تاوەکوو ئێستاش باسیان لەدابەشکردنی پۆستەکان نەکردووە.
