نرخی دۆلار بەرانبەر بە دیناری عێراقی بەردەوامە لە دابەزین

لە ماوەی 24 کاتژمێردا، 100 دۆلار، هەزار و 500 دینار لە بەهاکەی لەدەست داوە، بە گوتەی شارەزایانی ئابووری, بانکە سزادراوەکان بوونەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی دینار.
چوارشەممە 26ـی شوباتی 2025، بانکی ناوەندیی عێراق، 288 ملیۆن و 620 هەزار و 427 دۆلاری بە شێوەی کاش و حەواڵە فرۆشتووە، لەو ڕێژەیەش 12 ملیۆن و 300 هەزار دۆلاری بە شێوەی نەختینە بۆ پێویستی بازاڕ و گەشتیاران خراوەتەڕوو.
بە گوتەی شارەزایانی ئابووری، بانکە سزادراوەکان و کپبوونەوەی دەنگۆی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر پێگە ئابوورییەکانی عێراق و ڕاگەیاندنی دراوی دیجیتاڵی عێراق لەلایەن پارێزگاری بانکی ناوەندی و هەمەچەشنکردنی پێویستی بازرگانان و گەشتیاران بەسەر دراوەکانی دیکە جگە لە دۆلار، هۆی بەرزبوونەوەی نرخی دینارن بەرانبەر بە دۆلار.
هاوکات، لە ناوەندەکانی ئاڵوگۆڕی دراو لە شاری هەولێر، نرخی 100 دۆلار، بەرانبەر بە 148 هەزار و 850 دیناری عێراقییە، کە لە ماوەی 9 مانگی ڕابردوودا یەکەم جارە بەو نرخە بێت.