هونەرمەند عەدنان كەریم خانەنشین بوو

هونەرمەند عەدنان کەریم لە لێدوانێکیدا بۆ کوردستان24 گوتی: هونەرمەند ئەو کاتە خانەنشین دەبێت کە کاری هونەری کۆتایی بێت، ڕاشیگەیاند: لە داهاتووێکی نزیکدا بەرهەمی نوێ بڵاو دەکاتەوە.
پێنجشەممە 27ـی شوباتی 2025، كۆلێژی هونەرە جوانەكانی زانكۆی سلێمانی وێنەی ڕێوڕەسمی خانەنشینبوونی هونەرمەند عەدنان کەریمیان بڵاو کردووەتەوە و نوسیویانە "ئەمڕۆ مامۆستایانی كۆلێژی هونەرەجوانەكان لە بەشی شێوەكاری ڕێورەسمێكی ماڵئاوایی و ڕێزلێنان بۆ مامۆستای بەڕێز و ئازیزمان هونەرمەندی گەورەی كورد عەدنان كەریم سازكرد".
هونەرمەند عەدنان کەریم لە لێدوانێکی تایبەت بۆ کوردستان24 گوتی: خانەنشین بوونی ڕێکارێکی ئاسایی ئیدارییە، بەڵام هونەرمەند ئەو کاتە خانەنشین دەبێت، کە کاری هونەری کۆتایی بێت.
گوتیشی: لە کاری هونەری بەردەوام دەبم و لە داهاتووێکی نزیکدا بەرهەمی نوێ بڵاو دەکەمەوە.
عەدنان کەریم لە ساڵی 1963 لە شاری کەرکووک لەدایکبووە، خەڵکی گوندی ژاژڵەی سەر بە ناوچەی شارباژێڕە، بەھۆی سیاسەتی ڕاگواستن و بەعەرەبکردنی ڕژێمی بەعسەوە چوونەتە سلێمانی و ھەر لەوێ ماونەتەوە، ساڵی 1985 بەشی وێنەکێشانی پەیمانگای هونەرە جوانەکانی سلێمانی تەواوکردووە، لە ساڵی 1991 دا کوردستانی جێھێشتووە.
سەرەتای کاری ھونەریی هونەرمەند عەدنان کەریم دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1979 لەگەڵ تیپی موسیقای سلێمانی بە گۆرانیی دەسماڵێ، پاشان لە ساڵی 1980دا، گۆرانیی کازیوەی لەگەڵ تیپی موسیقای سلێمانی تۆمار کرد بۆ شانۆگەریی زەلکاو، کە بەرھەمێکی شانۆیی تیپی شانۆی پێشڕەوی کوردی بوو لە سلێمانی.