ئاکیرا ئاندۆ: حکوومەتی ژاپۆن پشتیوانی منداڵان و گەنجانی کوردستان دەکات بۆ ئەوەی داهاتوو بنەخشێنن

باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی قوتابخانەی دوزتەپە لە هەولێر گوتی: حکوومەتی ژاپۆن پشتیوانی منداڵان و گەنجانی هەرێمی کوردستان دەکات بۆ ئەوەی داهاتوو بنەخشێنن، دەشڵێت: خەڵکی کوردستان توانا و خواستێکی زۆری هەیە بۆ بەرەوپێشچوون، باڵیۆزی ژاپۆن سوپاسی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد کە خواستیانە سیستمی پەروەردەی ژاپۆنی لە هەرێمی کوردستان پەیڕەو بکەن.
پێنجشەممە 27ـی شوباتی 2025، لەڕێوڕەسمی کردنەوەی قوتابخانەی دوزتەپە لە هەولێر، ئاکیرا ئاندۆ، باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: خۆشحاڵم لەگەڵتانم بۆ کردنەوەی قوتابخانەیەکی دوا ناوەندی کە لەلایەن ڕێکخراوێکی نا حکوومی ژاپۆنییەوە دروستکراوە بە پشتیوانی خەڵکی ژاپۆن، خۆشحاڵم کە دەبینم ئەمڕۆ منداڵەکانی ئەو قوتابخانەیە دڵخۆشن و پێدەکەنن.
باڵیۆزی ژاپۆن ئاژامەی بەوە کرد، دەیانەوێت ئاشنایەتیان بەهەموو گۆشەیەکی عێراق بە هەرێمی کوردستانەوە هەبێت، گوتی: دەمانەوێت هەماهەنگیمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراقدا هەبێت، مامۆستاکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵ دەدەن کوالێتی خوێندن بەرزبکەنەوە.
ئاکیرا ئاندۆ دەستخۆشی لەو ڕێکخراوە ژاپۆنییە کرد کە قوتابخانەکەی دروستکردووە، ئاماژەی بەوە کرد، ڕێکخراوەکە لە ساڵی 2014ـەوە لە عێراق دەستی بەکارکردووە، پێویستی ڕۆژانەی بۆ ئاوارەکان و کەمپەکانیان دابین کردووە، 37 قوتابخانە و ناوەندی خوێندنی لە عێراق کردووەتەوە، خزمەتی حکوومەتی هەرێم و خەڵکی کوردستانیشی کردووە.
باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق، سوپاسی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد کە دەیانەوێت سیستمی پەروەردەی ژاپۆنی لە هەرێمی کوردستان پەیڕەو بکەن، گوتی: خۆشحاڵم بەوەی سیستمی خوێندنی ژاپۆنی لە چەند قوتابخانەیەکی هەرێمی کوردستان بە هەماهەنگی وەزارەتی پەروەردە پەیڕەو کراوە، هیوادارم سیستمی خوێندنی ژاپۆن ببێتە هۆکارێک بۆ بەرەوپێشبردنی پرۆسەی خوێندن، ئامادەیی ژاپۆنیشی بۆ پشتیوانی کردنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە.
باڵیۆزی ژاپۆن گوتی: خەڵکی کوردستان توانا و خواستێکی زۆری هەیە بۆ بەرەوپێشچوون، منداڵان گەنجینەی داهاتوون، گەنجان داهاتوویان لەسەر شانە، حکوومەتی ژاپۆن پشتیوانی منداڵان و گەنجانی هەرێمی کوردستان دەکات بۆ ئەوەی داهاتوو بنەخشێنن.