دەم پارتی: داوا دەکەین دوای بڵاوکردنەوەی پەیامەکەی، ئۆجەلان ئازاد بکرێت

کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانیی لقی دیاربەکری دەم پارتی
کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانیی لقی دیاربەکری دەم پارتی

دەم پارتی داوا لە حکوومەتی تورکیا دەکات، دوای ئەوەی ئۆجەلان پەیامەکەی لەبارەی پرۆسەی نوێی ئاشتی بڵاو دەکاتەوە، لە زیندان ئازاد بکرێت. 

لقی دیاربەکری پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی لەبارەی پەیامەکەی عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ساز کرد، کە چاوەڕێ دەکرێت ئێوارەی ئەمڕۆ، پێنجشەممە، 27-02-2025، بڵاو بکرێتەوە. 

گوڵشەن ئۆزەر، هاوسەرۆکی لقی دیاربەکری دەم پارتی لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکەدا داوای لە هاووڵاتییانی ئەو شارەی باکووری کوردستان کرد، ئێوارەی ئەمڕۆ، پێنجشەممە، 27-02-2025، لە گۆڕەپانی "شێخ سەعید" لە ناوەندی شارەکە کۆ ببنەوە بۆ ئەوەی پێکەوە گوێ لە پەیامەکەی عەبدوڵلا ئۆجەلان، لەبارەی پرۆسەی نوێی ئاشتی، بگرن.

هاوسەرۆکی لقی دیاربەکری دەم پارتی، دووپاتیشی کردەوە "عەبدوڵلا ئۆجەلان، لە پەیامەکەیدا، بۆچوون و پێشنیازی خۆی لەبارەی چارەکردنی پرسی کورد بە شێوەیەکی گشتیی دەخاتە ڕوو و هەرچی بڵێت و داوا بکات، ئێمە پێوەی پابەند دەبین."

ئەو بەرپرسەی دەم پارتی گوتیشی: "داوا دەکەین لە دوای بڵاوکردنەوەی پەیامەکەی، حکوومەتی تورکیا ئۆجەلان ئازاد بکات و چی دیکە لە زینداندا نەمێنێت."

گوڵشەن ئۆزەر، لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لەوەش کرد " گەلی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان و هەموو جیهان، چاوەڕێی پەیامە مێژووییەکەی ئۆجەلان دەکەن کە بۆ ئارامی، سەقامگیریی و ئاشتیی ناوچەکە زۆر گرنگە." 

سەردانەکەی شاندی دەم پارتی بۆ ئیمرالی

چاوەڕێ دەکرێت ئەمڕۆ پێنجشەممە، 27-02-2025، بۆ جاری سێیەم شاندی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) بۆ تاوتوێکردنی پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان، سەردانی دوورگەی ئیمرالی بکەن و لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کۆ ببنەوە. 

تاوەکوو ئێستە شاندی دەم پارتی کە لە پەروین بوڵدان و سڕری سورەیا ئۆندەر پێک هاتبوو، دوو جار لەبارەی پرۆسەی نوێی ئاشتی لەگەڵ ئۆجەلان کۆ بووەتەوە. جیاوازیش لە دوو جاری ڕابردوو، ئەمجارە ئەندامانی شاندەکە حەوت کەس دەبن. 

ئەندامانی شاندی دەم پارتی بۆ ئیمرالی:

1.  پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی وان.

2.  سری سورەیا ئۆندەر، بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا.

3.  ئەحمەد تورک، سەرۆکی لەکارلادراوی گەورەشارەوانیی مێردین.

4.  تولای هاتیمئۆغوڵلاری، هاوسەرۆکی دەم پارتی.

5.   تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی.

6.  جەنگیز چیچەک، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی ئیستەنبووڵ.

7.  فایەق ئۆزگور ئەرۆل، پارێزەری عەبدوڵلا ئۆجەلان.