بەڕێوەبەری ناحیەی هەریر: لە قۆناغێکی مەترسیدار و لێواری کارەساتین
داوایەك لە خەڵكی ناحیەكە دەكات
K24- شەقڵاوە:
لە راگەیەندراوێكدا كاروان كەریم خان، بەڕێوەبەری ناحیەی هەریر جەخت دەكاتەوە، دۆخی كۆرۆنا لەو شارەدێیە مەترسیدارە و لە لێواری كارەساتدایە.
لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، "بە پێی ئەگەر و ئەنجامی پشکنینەکان و رێژەی تووشبووان دەبێ رایبگەیەنین کە لە قۆناغێکی مەترسیدار و لێواری کارەساتداین".
ئاماژەی بەوەش داوە، "بە رەچاوکردنی دۆخەکە و باری گوزەرانی ھاووڵاتیان رێکارەکانمان بە مەرجی پابەندبوونی ھاووڵاتیان، نەگەیاندە بەرزترین ئاست، کە بریتییە لە کەرەنتین".
گوتیشی: "ھەر لەو سۆنگەیەوە بە راوێژ لەگەل قایمقامی قەزای شەقلاوە و پارێزگاری ھەولێر بڕیارماندا بە راگەیاندنی پشوو تا رۆژی دووشەممە رێكەوتی 12/7/2020".
دووپاتیشی كردەوە، "لەو ماوەیە فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان بە شێوەی ئێشکگری بەردەوام دەبن لە کارە خزمەتگوزارییەکان".
داواشی لە دانیشتوانی شارەدێی هەریر كرد، "ھاوشانی ھێزە ئەمنییەکان و حکومەت ئەرك ببینن و پابەندی تەواوی خۆپارێزی بن و تەندروستی خۆیان و خانەوادەكانیان بپارێزن، بۆ ئەوەی بتوانین دۆخەکە کۆنترۆل بکەین و ژیانی رۆژانەمان ئاسایی بەرینە رێ".
لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا ژمارەیەك هاووڵاتی لە شارەدێی هەریر تووشی پەتای كۆرۆنا بوون و تا دێت ژمارەی تووشبووان روو لە زیاد بوون دەكات.
H.B