وەزارەتی نەوتی فیدراڵ و ئەپیکور و سامانە سروشتییەکانی هەرێم کۆ دەبنەوە

وەزارەتی نەوتی فیدراڵ، بانگهێشتی هەموو ئەو کۆمپانیا نێودەوڵەتیانەی نەوتی کرد کە ئەندامن لە "ئەپیکور" و گرێبەستیان لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەیە، لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم، ڕۆژی سێشەممەی داهاتوو، کە دەکاتە 4ـی ئاداری 2025. بۆ کۆبوونەوە لەبەغدا ئامادەبن.
شەممە، 1ـی ئاداری 2025، وەزارەتی نەوتی فیدراڵ، ڕاگەیەنەدراوێکی بڵاو کردەوە و تێیدا هاتووە "ئامانجی کۆبوونەوەکە تاوتوێکردنی بابەتەکانی پەیوەست بەو گرێبەستانەیە کە پێشتر ڕێککەوتنیان لەسەر کراوە، بۆ ئەوەی بگەنە لێکگەیشتنێک بۆ پەرەپێدانی کێڵگە نەوتییەکان بە گوێرەی پراکتیزە نێودەوڵەتییەکان و بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندیی نیشتمانی بکات."
دوێنێ هەینی، هەشت کۆمپانیای نێودەوڵەتی نەوت کە لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن ڕایانگەیاند، هەناردەکردنەوەی نەوت لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە دەست پێ ناکەنەوە، سەرەڕای ئەوەی بەغدا ڕایگەیاندبوو بەم زووانە هەناردەکردنەوە نەوت دەست پێ دەکاتەوە.
کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان 'ئەپیکور' کە نوێنەرایەتی 60%ی بەرهەمی نەوتی هەرێم دەکات، ڕایگەیاند "هیچ پەیوەندییەکی فەرمیان بۆ ڕوونکردنەوەی ڕێککەوتنە بازرگانییەکان و گەرەنتی پارەدان بۆ هەناردەکردنی نەوتی ڕابردوو و داهاتوو پێ نەگەیشتووە."
مایڵز کاگینز، گوتەبێژی ئەپیکور دەڵێت: بۆ ئەوەی ڕوون بێت، کۆمپانیاکانی ئەندام لە ئەپیکور، ئەمڕۆ دەست بە هەناردەکردنی نەوت ناکەنەوە.
کۆمپانیا ئەندامەکان لە ئەپیکور بریتین لە، لە کۆمپانیای گۆڵف کیستۆن پترۆلیۆم، دی ئێن ئۆ، گەنەل ئینێرجی و شاماران پترۆلیۆم.
دوێنێ، حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاندبوو، لە چەند کاتژمێری داهاتوودا هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە دەست پێ دەکاتەوە.