توێژەران: خراپیی دۆخی ئابووری هۆی هاوسەرگیری نەکردنی گەنجانە

بەگوێرە ئامارەکانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق ڕێژەی سینگڵی لە کۆمەڵگا لەسەدا 40ـێ تێپەڕاندووە، توێژەرانیش هۆکاری خۆدوورخستنەوەی گەنجان لە هاوسەرگیری بۆ لایەنی دارایی دەگێڕنەوە، چونکە گەنجان بێکارن و ناتوانن داواکارییەکانی ماڵی بووک جێبەجێ بکەن.
هەڵهاتن لە هاوسەرگیری و خۆهێشتنەوە لەناو بازنەی سینگڵی لەم کاتەدا، بووەتە کاری زۆرینەی گەنجەکان و ڕێگەی خۆپاراستنییان لە باری قورسی ژیان. بەگوێرەی ئامارەکان ڕێژەی ئەو کەسانەی کە سینگڵن لەسەدا 40ـی تێپەڕاندووە، هۆی سەرەکی هاوسەرگیری نەکردنیش لایەنی ئابوورییە، ئەمە قسەی زۆرینەی گەنجەکانە کە هەندێکیان 30 ساڵیان تێپەڕاندووە، بەڵام هێشتا نایانەوێت هاوسەرگریی بکەن.
عەلی تەها، هاووڵاتی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "گەر من بچم هاوسەرگریی بکەم لەکاتێکدا ئامادە نیم، یان کارێکی باشم نییە، بێگومان هاوسەرگریی بەبێ هەبوونی کار و پارە کێشەیەکی گەورەیە، بەلای منەوە هاوسەرگریی وەک پرۆژەیەک وایە کە بەبێ پارە ناتوانی بەدی بهێنێت، بۆیە پێویستە بەتەواوی بۆی ئامادە بیت."
بابەتی سینگڵی لای ئافرەتان و پیاوان جیاوازییەکی وەهای نییە، تەنها ئەوەنە نەبێت، کە ئافرەتان زیاتر ترسیان لە خیانەت هەیە، هۆی سەرەکیی هاوسەرگیرینەکردنی زۆرینەی گەنجەکانیش بابەتی داراییە.
ئامینە زیا، هاووڵاتی دەڵێت: خۆدوورخستنەوەی گەنجان لە هاوسەرگریی بەلای منەوە پەیوەندی بە ترس لە خیانەت و ناپاکیەوە هەیە، ئەمە لەگەڵ نەبوونی تێگەیشتنی دوولایەنە و لایەنی ئابووری، ئێستا نرخی زێڕ زۆر بەرزبووەتەوە، کچانیش پێویستیان بە زێڕ و جلوبەرگە، گەنجانیش توانای ئابووری باشیان نییە.
ئەمە گوتەی توێژەران و هاووڵاتیان، هۆ ئابوورییەکان و ئەو گوشارە داراییانەی کە گەنج ڕووبەڕووی بووەتەوە، جا بەهۆی بێکاریەوە بێت یاخود کەمی مووچە، هۆی سەرەکی کەمبوونەوەی هاوسەرگریی و زۆربوونی سینگڵین.