لە زاخۆ 30 خانوو بەسەر هەژاران دابەش دەکرێت
مێڤان مەجید، پەیامنێری کوردستان24 ڕایدەگەیەنێت، ئەمساڵیش 30 خانوو بەسەر هەژار و کەمدەرامەتان لە زاخۆ دابەش دەکرێت، سەرباری کردنەوەی بازاڕێک کە نرخی لە بازاڕی گشتی کەمترە.
بۆ ساڵی چوارەم بەپێی ئەو بەرنامەیەی بۆ مانگی ڕەمەزانی پیرۆز ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ جێبەجێی دەکات لەپێناو هاوکاریی کردنی خەڵکی هەژار و کەمدەرامەت، خانوو و یەکەی نیشتەجێوون بەسەر ئەوانە دابەش دەکات کە شایەنن، هاوکات پلانی جیاواز لە بازاڕ پەیڕەو دەکرێن.
وەک زانراوە، شوقە و خانوو بەسەر هەژار و کەمدەرامەتەکانی زاخۆ دابەش دەکرێت، بۆ دابەشکردنی ئەو شوقە و خانووانەش ڕێنمایی تایبەت هەن.
جووتیار خدر، ئەندامی لێژنەی سەرپەرشتی پرۆژەکانی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بۆ مانگی ڕەمەزان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: بەپێی ئەو پلان و بەرنامەیەی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دایڕشتووە بە ڕاسپاردەی سەرۆک وەزیرانی کوردستان مەسرور بارزانی کە هەمیشە ڕایاندەسپێرێت خزمەتی خەڵک بکەن بە بنەمای سەرەکی کارەکانیان، دەڵێت: بەرنامەی ئەمساڵیش وەکو ساڵانی ڕابردوو، دابەشکردنی خانوو و یەکەی نیشتەجێبوونە بۆ خەڵکی هەژار و کەمدەرامەت، ئەو کەسەی هەژار و کەمدەرامەتە، داوای خۆی پێشکەشی لێژنەیەکی تایبەتی چاودێری کۆمەڵایەتی زاخۆ دەکات، کارمەندانی سەر بەو لێژنەیە لەسەر بنەمای داواکانیان، دەچنە نێو ماڵی هەژار و کەمدەراماتەکان و هەڵسەنگاندن بۆ بارودۆخی ژیانیان دەکەن، چونکە جارێکی دیکە ناوەکان پۆڵێن دەکرێنەوە، ئەو خانەوادانە هەڵدەبژێردرێن کە شایەنی پێدانی یەکەی نیشتەجێبوون و خانوون.
گوتیشی: دوو برا و خوشکێک کە دایک و باوکیان نییە و لە خانەی بێسەرپەرشتان گەورە بوون، ئەمڕۆ ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بە هاوکاری خەڵکی سەرمایەدار و خوداپێداو کە خانووێکیان بۆ کڕدراوە، پێیان دەدرێت.
جووتیار خدر دەشڵێت: بە پشتیوانی گوهدار شێخۆ، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، کرێی یەک ساڵی ژمارەیەک کرێچی لە زاخۆ دەدرێت، بۆ ئەو خانەوادانەی بارودۆخی ئابوورییاشیان باش نییە، کرێی خوێندنی منداڵەکانیان دەدرێت، لەگەڵ ئەوەشدا نان لە چەند نانەواخانەیەک بە خۆڕایی لە ئێوارە دابەش دەکرێت، نرخی دەرمان و پشکنین و نۆرینگەی دکتۆرەکان و نەشتەرگەری لە مانگی ڕەمەزاندا داشکێندراوە.
ئاماژە بەوەش دەکات، بازاڕێکی گەورە لە زاخۆ دروستکراوە کە هەموو پێداویستییەکی هاووڵاتییانی تێدایە و بە نرخی کەمتر لە بازاڕ کەلوپەل و پێداویستییەکانی تێدا دەفرۆشرێن، ئەوەش لەپێناو ئەوەی قۆرغکاری لەبازاڕ دروست نەبێت،لەگەڵ ئەوەشدا 100 کەس بە هاوکاری ئەوقافی زاخۆ دەنێردرێنە گەشتی عەمرە.