کارگەیەکی شیرنەمەنی لە هەولێر داخرا

کارگەیەکی شیرنەمەنی کەرەستەکانی سەرەتایی دروستکردنی شیرنییەکانی ماوە بەسەرچوو بوو، بۆیە لێژنەکانی چاودێری بازرگانی و پۆلیسی شارەوانی، دایانخست.
یەکشەممە 2ـی ئاداری 2025، لێژنەکانی چاودێری بازرگانی هەولێر و پۆلیسی شارەوانی، کارگەیەکی شیرنەمەنییان لە هەولێر بەسەر کردەوە، لە سەرەتای پشکنینەکان بۆیان دەرکەوت، کەرەستە سەرەتاییەکانی دروستکردنی شیرنییەکان، ماوەی بەسەر چووە، شوێنی دروستکردنی شیرنییەکانیش مەرجی تەندروستیان تێدا نییە.
هۆگر عەلی، بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی هەولێر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: وەک لێژنە سەردانی کارگەکەمان کرد بۆ ئەوەی دڵنیابینەوە لە مەرجە تەندروستییەکانی، بەڵام هەر دەستمان بە پشکنین کرد، بۆمان دەرکەوت کەرەستەکانی سەرەتایی دروستکردنی شیرینییەکان ماوە بەسەرچووە و شوێنەکەی تێیدا شیرینییەکانی لێ دروست دەکرێت، هیچ مەرجی تەندروستی تێدا نییە، سەرباری ئەوەی ڕوونەکەی بۆ سوورکردنەوەی شیرینییەکان بەکاری دێنێت زۆر خراپ بووە، ئەو پەڕۆکەی کە پاقڵاوەی پێ دروستدەکات، هەمووی کەڕوو لێیداوە.
هۆگر عەلی دەڵێت: بڕیارمان دا شوێنەکە دابخەین و خاوەنەکەی دەستبەسەر بکەین، خاوەنەکەی خەڵکی سووریایە، پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ دەکەینەوە بۆ ئەوەی بە سزای خۆیان بگەن.