كوردستان24 هۆكاری مردنی پاڵەوانە عەرەبەكە ئاشكرا دەكات
كەسوكاری كۆچكردووە عەرەبەكە، بەهۆی ئەو هاوسۆزی و هاوخەمییەی خەڵكی شاری هەولێر بۆ كوڕەكەیان تووشی سەرسوڕمان بوونە
كۆچی دوایی پاڵەوانێكی لەشجوانی عەرەب لە شاری هەولێر مشتومڕی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، بەشێكیان پێیانوابوو هۆكاری مردنەكەی پەیوەندی بە بەكارهێنانی هۆڕمۆن بووە، بەڵام لە بەدوداچوونێكی كوردستان24 دەركەوتووە هۆكاری مردنەكەی هۆڕمۆن نەبووە، لە بنەڕەتدا ئەو وەرزشوانە نەخۆشی دیكەی هەبووە.
وائیل ئەیاد، وەرزشكارێكی عەرەبە، لە ساڵی 2009 لەگەڵ خێزان و منداڵەكانی لە شاری هەولێر نیشتەجێبوون، دواتر لە كۆمەڵگای زەیتوونەی دەورووبەری هەولێر هۆڵێكی بە كرێ گرتووە و كردوویەتییە سەنتەری لەشجوانی و زیاتر لە 15 ساڵ بوو لە هەولێر دەژیا.
رۆژی پێنجشەممەی رابردوو لەنێو یەكێكی دیكە لە هۆڵەكانی شاری هەولێر خەریكی ئامادەكاری ژمارەیەك وەرزشوانی لەشجوانی بووە بۆ ئەوەی ئامادەیان بكات بۆ بەشداریكردن لە پاڵەوانێتییەكی لەشجوانی لە شاری دهۆك، پێش ئەوەی گەشتەكەیان بەرەو دهۆك بكەن، لەنێو هۆڵەكە دەكەوێتە سەرزەوی و هاوڕێیەكانی نێو هۆڵەكەی بەپەلە دەیگوازنەوە بەرەو نەخۆشخانەی رۆژئاوای شاری هەولێری دەبەن، بەڵام دڵی لە لێدان دەكەوێت و ماڵئاوایی لە ژیان دەكات.
دواجار هاوڕێ و هاوشارییانی هەولێر تەرمەكەی دەگرنە باوەش و هەموو رێكارەكانی بەخاكسپاردنییان گرتە ئەستۆی خۆیان، بەتایبەتی هانی تەها سەرۆكی فیدراسیۆنی لەشجوانی كوردستان ـ لقی هەولێر پێشوازی لە خانەوادە و كەسوكاری كۆچكردوو كرد كە لە بەغداوە هاتبوون و بە ماددی و مەعنەوی پاڵپشتی خانەوادەكەی كرد بوو، ئەمەش وایكردبوو كەسوكاری پاڵەوانە عەرەبە كۆچكردووە، وەكو خۆیان باسیان كرد بوو، بەهۆی ئەو هاوسۆزی و هاوخەمییەی لە هەولێر هەستیان پێكرد تووشی سەرسوڕمان بن.
ئەگەرچی بەكارهێنانی هۆڕمۆن یەكێكە لەو هۆكارانەی مەترسی لەسەر گیانی وەرزشكاران دروست دەكات، سەرەتا وابڵاوكرایەوە، وائیل ئەیاد یەكێكی دیكە بێت لە قوربانیان زیادەڕۆیی لە بەكارهێنانی هۆڕمۆن، بەڵام بە گوێرەی بەدواداچوونەكانی كوردستان24 كە لە كەسانی نزیك لە كۆچكردوو دەستمان كەوتووە، وائیل ئەیاد یەكێك بوو لەو كەسانەی خوویەكی زۆری بە (نێرەگەلە كێشان) گرتبوو، ئەمەش وایكرد بوو تووشی هەناسەتەنگی بێت، پێشتریش بۆ ئەم مەبەستە چەندانجار سەردانی دكتۆری كردووە، لەبارەی نەخۆشییەكەشی پێشتر لەگەڵ باوكی قسەی كردووە، باسی ئەو هەناسەتەنگییەكەی خۆی بۆ كردووە، دواجار هەر ئەمەش وایكرد "نێرگەلە" ژیانی لەناوببات و لە تەمەنی 38 ساڵی بەشێوەیەكی كتوپڕ گیانلەدەست بدات و چوار منداڵیشی لە دوای خۆیدا جێهێشت.