حكومەتی ھەرێم پردی دەربەندی رانیە نۆژەن دەكاتەوە
.
K24 - رانیە
حكومەتی ھەرێمی كوردستان بڕیاریداوە پردی دەربەندی رانیە نۆژەن بكرێتەوە و ھەفتەی داھاتوو پڕۆژەكە دەست پێدەكات.
وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەداوە "بەبڕیاری دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردنی حکومەتی ھەرێم، ھەفتەی داھاتوو دەستدەکرێت، بە کاری چاککردن و نۆژەنکردنەوەی پردی دەربەندی رانیە".
ئاماژە بەوەشكراوە "پڕۆژەکە لەلایەن وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنەوە چاودێری و سەرپەرشتی دەکرێت، بۆ لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکە و ھەرچی زوو تەواوکردنی، بە مەبەستی خزمەتکردنی بە ھاووڵاتیان و جوتیارانی سنوورەکە".
پردی دەربەندی رانیە، جگە لەوەی هەردوو ناوچەی رانیە و بنگرد پێکەوە دەبەستێتەوە. زۆر لە ھاووڵاتییان بۆ گەشت و سەیران ھاتووچۆ بەسەر ئەو پردە دا دەكەن.