دەم پارتی: پێویستە تورکیا چالاکییە سەربازییەکانی ڕابگرێت تا پەکەکە کۆنگرە ببەستێت
دەم پارتی داوا دەکات هەڵمەتەکانی سوپای تورکیا بوەستێنرێت بۆ ئەوەی پەکەکە بتوانێت کۆنگرەی خۆی ببەستێت و پەیامەکەی ئۆجەلان بەجێ بگەیەنێت.
تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا ڕایگەیاند "سوپاسی سەرۆک بارزانی و گشت سەرکردایەتیی سیاسی هەرێمی کوردستان دەکەین بۆ ئەو پاڵپشتییەی پێشکەشیان کردووە، ئەمە پاڵپشتییەکی تەواوە بۆ یەکێتیی نێوماڵی کورد."
ئەو هاوسەرۆکەی دەم پارتی، باسی لەوەش کرد "پەکەکە پابەندیی خۆی بەرامبەر بە پەیامەکەی عەبدوڵلا ئۆجەلان ڕاگەیاندبوو، ئەمە بووە هۆی ئەوەی هیوای ئاشتی زیاتر بێت، لەپێناو بەهەمیشەییکردنی ئەو هیوایە و لەپێناو بەستنی کۆنگرە لەلایەن پەکەکەوە، پێویستە زەمینەیەکی دوور لە پێکدادان بڕەخسێت و سەرجەم چالاکییە سەربازییەکانی دەرەوەی سنوورەکانی تورکیا بوەستێنرێت."
هاتیمئۆغوڵڵاری، لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتیشی: ئێستە چاوەکان لەسەر دەسەڵات و دەوڵەتە، پێویستە هەنگاوی کردەیی بگیرێتەبەر.
ڕۆژی 27ی شوباتی 2025، شاندی دەم پارتی بۆ ئیمرالی، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا پەیامەکەی ئۆجەلانی خوێندەوە. ئۆجەلان لە پەیامەکەیدا بۆ پەکەکە گوتی "کۆنگرەکەتان ببەستن و بڕیار بدەن. پێویستە هەموو گرووپەکان چەک دابنێن و پەکەکە خۆی هەڵبوەشێنێتەوە."
چەند ڕۆژێک دواتر، کۆمیتەی ڕێڤەبەری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ڕایگەیاند "پابەندی پەیامەکەی ئۆجەلان دەبین و جێبەجێی دەکەن و ئاگربەست ڕادەگەیەنین."