هاوکاریی هاوپەیمانان بۆ مانگی دوو دابەش دەکرێت

دیناری عێراقی
دیناری عێراقی

ئەم مانگە زیاتر لە 46 هەزار پێشمەرگە و ئەفسەر لە ڕێگەی پرۆژەی "هەژماری من" هاوکاریی هاوپەیمانان بۆ مانگی دوو وەردەگرن. 

سێشەممە، 04-03-2025، وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردووەتەوە، دوای ئەوەی هاوکاریی هێزەکانی هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگە خرایە سەر هەژماری وەزارەتەکە، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بودجە و بەرنامەکان (ژمێریاری سەربازی)، ڕێکارە دارایی و ژمێریارییەکانی تەواو کردووە، بۆ ئەم مەبەستەش پێنجشەممە، 06-03-2025، هاوکاریی هاوپەیمانان بۆ مانگی شوبات (دوو) دابەش دەکرێت.

وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەی بەوەش کردووە "لەلایەن هاوپەیمانانەوە دووپات لەوە کرایەوە، هاوکاری دارایی بەردەوام دەبێت."

بە گوێرەی ڕاگەیەنراوەکە "لەم مانگەدا سەرووی 46 هەزار پێشمەرگە و ئەفسەری سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە لە ڕێگەی پرۆژەی "هەژماری من" هاوکاریی هاوپەیمانان وەردەگرن. ئەوانی دیکەش لە ڕێگەی سیستەمی بانکییەوە هاوکارییەکان وەردەگرن."