بەرهەمی کارەبا زیاد کرا
بۆ پاڵپشتیكردنی وەزارەتی پەروەردەو سەركەوتنی ئەزموونەكان
K24- هەولێر:
وەزارەتی کارەبا بڵاویکردەوە، لەپێناو خزمەتكردنی قوتابیان و بەدەنگەوەهاتنی نووسراوی وەزارەتی پەروەردە بۆ هاوكاریكردنیان لە رۆژانی تاقیكردنەوە گشتییەكانی قۆناغی ئامادەیی و دابینكردنی كارەبای بەردەوام بۆ هۆڵەكانی تاقیكردنەوە گشتییەكان، وەزارەتی كارەبا جگە لەوەی بەپێی ئەو توانایەی لەبەردەستیدایە هاوكاریی سەرخستنی تاقیكردنەوەكانی قوتابیان دەكات.
وەزارەتی کارەبا، چەند بڕیارێکی لەوبارەوە داوە کە ئەمانەی خوارەوەیە:
1- زیادكردنی یەكەیەكی كارەبا بەتوانای 100 مێگاوات لەوێستگەی دهۆك لە 8ی بەیانی تاكو 12ی نیوەڕۆ، ئەم زیادكردنەش دەخرێتە ناو تۆڕی كارەبای نیشتمانی كوردستانەوە بۆ سەرجەم پارێزگاكان سوودی لێوەردەگرن.
2- ڕاگرتنی پێدانی كارەبا بەكارگەكان كە بڕەكەی 250 مێگاوات كارەبا دەبێت لەرۆژانی ئەزموونەكان لە 8ی بەیانی تاكو 12ی نیوەڕۆ.
3- سەرجەم ئەو كارەبایەی كە زیاد دەكرێت بڕەكەی 350 مێگاوات دەبێت .
4- پاش 15/7/2020 یەكەیەكی دووەمی وێستگەی خەبات بەكاردەكەوێت و 150 مێگاواتی دیكە دەكەوێتە ناو تۆڕی كارەبای نیشتمانی كوردستانەوە.