کوردستان24 هۆکاری هەناردەنەکردنی نەوتی کوردستان ئاشکرا دەکات
دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا، هۆکاری هەناردەنەکردنی نەوتی کوردستان ئاشکرا دەکات و دەڵێت: کۆمپانیاکانی نەوت داوای پارەی پێشووەختە دەکەن، وەزارەتی نەوتی فیدراڵیش دەڵێت: مانگانە پارەتان پێدەدەین، بۆیە بەشێک لە کۆمپانیاکانی ئەپیکۆر دەڵێن: بەهیچ شێوەیەک بەو میکانیزمە ڕازی نین و کار ناکەین.
دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا ئاشکرای کرد، ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو کۆبوونەوەیەکی داخراو و نهێنی لە وەزارەتی نەوتی فیدراڵ لەنێوان وەزارەتی نەوت و سامانە سروشتییەکان و ئەپیکور کرا، بەڵام نەگەیشتنە هیچ ڕێککەوتنێک، تەنانەت لە کۆبوونەوەکە هەندێک گرژی و ئاڵۆزی و دەمەقاڵی لەنێوان شاندی وەزارەتی نەوت و شاندی کۆمپانیاکانی نەوت دروست ببوو، هەر لەوێ شاندی وەزارەتی نەوتی فیدراڵ ڕایانگەیاندبوو کە پێشنیازی کۆمپانیاکانی نەوت دەبەنە نێو کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران کە ئەمڕۆ بەڕێوەچوو.
بەپێی زانیارییەکانی کوردستان24 کە لە کەسێکی نزیک لە کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق وەرگیراوە، باسی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان لە کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵ نەکراوە، لەگەڵ ئەوەی حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوت بەشداریی کۆبوونەوەکەی کردووە، بەڵکو قسەشی لەبارەی نەوت و گاز کردووە لەگەڵ ئەو پاڵاوگانەی کە لە عێراق هەن، دیلان بارزان دەڵێت: بڕیاربوو ئەمڕۆ دووبارە کۆبوونەوەی کۆمپانیاکانی نەوت و وەزارەتی نەوتی فیدراڵ بکرێت، بەڵام کۆمپانیاکانی نەوت بایکۆتی کۆبوونەوەکەیان کرد و دەڵێن، بەهیچ شێوەیەک ئامادەنین بەو میکانیزمەی کە وەزارەتی نەوتی فیدراڵ دایناوە، دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان بکەینەوە، کۆمپانیاکان داوای گرەنتی دەکەن بۆ ئەو 16 دۆلارەی دیاریکراوە بۆ تێچووی دەرهێنان و هەناردەکردنەوەی هەر بەرمیلێکی نەوتی کوردستان، دەڵێن: ئێمە دڵنیانین حکوومەتی عێراق پابەندی ئەو بڕە پارەیە بێت، بۆیە پێشەکی داوای پارەیان لە حکوومەتی عێراق و وەزارەتی نەوت کردووە کە لە قۆناغی یەکەمدا ڕۆژانە 185 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە بکرێت بەپێی ئەو ڕێککەوتنەی لەنێوان وەزارەتی نەوتی فیدراڵ و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کراوە، بەڵام وەزارەتی نەوتی فیدراڵ ئەو پێشنازەی کۆمپانیاکانی نەوتی ڕەت کردووەتەوە و دەڵێن: ئێمە مانگانە پارە دەدەین، بۆیە لەو هەشت کۆمپانیایەی لەچوارچێوەی ئەپیکۆرن، چوار کۆمپانیایان ئامادە نین بەهیچ شێوەیەک بەو میکانیزمەی ئێستا هەیە پرۆسەی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان دەستپێبکەنەوە، هیچ وادەیەکیش بۆ کۆبوونەوەی داهاتوو دیارینەکراوە، تاکوو ڕێککەوتنی کۆتایی لەنێوان وەزارەتی نەوتی فیدراڵ و کۆمپانیاکانی نەوت و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان نەکرێت، هەناردەکردنی نەوتی کوردستان زیاتر دوا دەکەوێت.