زاخارۆڤا: پشتیوانی له دانووستانی كورد و دیمه‌شق ده‌كه‌ین
كورد به‌شێكی دانه‌بڕاوه له سووریا
K24 – مۆسكۆ:
حكومه‌تی رووسیا رایگه‌یاند، پشتیوانی له دانووستانی هێزه كوردییه‌كان و ده‌سه‌ڵاتدارانی دیمه‌شق ده‌كه‌ین له باره‌ی داهاتووی سووریاوه، جه‌ختیشیكرده‌وه، كورد به‌شێكی دانه‌بڕاوه له گه‌لی سووریا.
ئه‌مڕۆ له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا، له وه‌ڵامی پرسیارێكی په‌یامنێری كوردستان24 له مۆسكۆ، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی رووسیا، ماریا زاخارۆڤا رایگه‌یاند، له سووریا سه‌دان ساڵه پێكهاته و ره‌چه‌ڵه‌كی جیا جیای ئاینی و نه‌ته‌وه‌یی به ئاشتی ده‌ژین.
گوتیشی: ئێمه دڵنیاین له‌وه‌ی كه پێویسته پارێزگاری له‌و نه‌ریته‌ی ژیانی خه‌ڵكی سووریا بكرێت و به‌رده‌وامی پێ بدرێت. له‌و ده‌رچه‌یه‌وه، هه‌ڵوێستی ئێمه ئه‌وه‌یه، كوردی سووریا به‌شێكی دانه‌بڕاوه له گه‌لی سووریا.
هه‌روه‌ها گوتی: له‌و سۆنگه‌یه‌وه ئێمه پشتیوانی گفتوگۆی نێوان كورد و دیمه‌شق ده‌كه‌ین له باره‌ی سیستمی داهاتووی وڵاته‌كه‌یان.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، خه‌ڵكی سووریا پێویسته خۆیان شێوه‌ی به‌ڕێوبردنی وڵاته‌كه‌یان ده‌ستنیشان بكه‌ن، تا هه‌موویان هه‌ست بكه‌ن، ره‌وشه‌كه ئارام و سه‌قامگیره.