سامان سیوەیلی: دەرچووانی تاراوگە لە هەرێمی کوردستان بڕوانامەی خوێندنیان پێ دەدرێت

گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، وەزارەتی پەروەردە بە هەماهەنگی لەگەڵ فیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی لە دەرەوەی وڵات، ڕێککەوتین لەسەر پرۆژەیەک لەسەر خوێندن و نووسینی زمانی کوردی، هەر خێزانێک خوازیارە منداڵەکەی فێری زمانی کوردی ببێت، دەتوانێت ناوی تۆمار بکات.
چوارشەممە، 5ـی ئاداری 2025، د. سامان سیوەیلی، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، تایبەت بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لە ساڵی 2022وە، وەزارەتی پەروەردە بە هەماهەنگی لەگەڵ فیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی لە دەرەوەی وڵات، ڕێککەوتین لەسەر پرۆژەیەک لەسەر خوێندن و نووسینی زمانی کوردی، بۆ ئەو قوتابیانەی لە تاراوگە دەژین لە وڵاتە جیاجیاکانی جیهان.
ئەو گوتەبێژە دەڵێت: زۆرێک لە خێزانەکان لە وڵاتە جیاجیاکانی جیهان، منداڵەکانیان بە زمانی بیانی دەخوێنن، بەهۆی سەرقاڵی دایک و باوک و چۆنییەتی ژیانکردن لەو وڵاتانە منداڵەکانیان وایان لێ هاتووە ناتوانن ئاشنابن یا بنووسن یا فێری زمانی کوردی بن، یا ئاشنای کولتووری کوردی نابن، هەر بۆیە لە خەمخۆری وەزارەتی پەروەردە و ڕەوەندی کوردی، لە ڕێگەی ئۆنڵاینەوە زمانی کوردی فێری ئەو منداڵانە دەکەین کە لە دەرەوەی وڵاتن.
دەشڵێت: سەرەتا دەستمان بەم پرۆژە کرد بە دوو مامۆستایەک بە شێوەزاری سۆرانی و بادینی، بە وەزارەتی پەروەردەوە و بە ڕێگەی فیدراسۆنەوە ڕاگەیاندنەکانیان بڵاو دەکردەوە، هەر خێزانێک خوازیارە منداڵەکەی فێری زمانی کوردی ببێت دەتوانێت لە ڕێگەی ئەم پرۆژە ناوی تۆمار بکات. لە کۆرسی یەکەم ژمارەیەکی زۆر بەشدارییان کرد، دواتر کۆرسی دووەم و سێیەم کە تاکو ئێستە بەردەوامە و لەم ساڵدا لە کۆتاییەکانی کۆرسی چوارەمداین ژمارەیەکی باش قوتابی هەیە.
ئاماژەی بەوەش دا "ئێمە مەرجی تەمەنمان نەکردووە بە پێوەر، بۆ فێربوونی زمانی کوردی و لەم چوار کۆرسەدا زیاتر لە هەزار قوتابی تێیدا بەشداریی کردووە، لە ئاست و تەمەنی جیاوازدا، لە قۆناغی یەکەمەوە دەستمان پێ کردووە، بە کتێبی یەکی بنەڕەتی کوردی و ساڵ بە ساڵیش ژمارەی بەشداربووان ڕوو لە زیاد بوونە."
هەروەها بیرمان لەوە کردەوە ڕەنگە پرۆژەکە زیاتر لەوە هەڵبگرێت، بۆیە هەردوولامان بیرمان لەوە کردەوە یاداشتنامەیەک ئیمزا بکەین و پرۆژەکە فراوان و گەورە بکەین تاکوو ئەو قوتابخانەنانە بگرێتەوە کە کوردین و لە وڵاتە ئەورووپییەکانن، بۆ ئەوەی پاڵپشتییان بکەین بە پێدانی کتێب و ڕاهێنان بە مامۆستایان.
ئەو گوتەبێژە دەشڵێت: دەمانەوێت پیتی لاتینیش زیاد بکەین، چونکە بەشێک لە کوردستانیانی وڵات خەڵکی باکوور و ڕۆژئاوان، خوازیارن بە لاتینی فێری زمانی کوردییەکە ببن، لەبەر ئەوە لاتینی زیاد دەکەین و قوتابیان کۆدییان بۆ دروست دەکەین، وا دەکەین هاوشێوەیە قوتابیانی کوردستان لە سیستەمی پەروەردە داخل ببن، بۆ ئەوەی سوودمەند بن لە خزمەتگوزارییەکانی وەزارەتی پەروەردە.
ئاماژەی بەوەش دا، خزمەتگوزارییەکان کۆمەڵێک ڕێنمایی باش بۆ خێزانەکان تێدایە، لە شێوەی کورتە ڤیدیۆ و گرافیک، هەروەها کۆمەڵێک کتێبی زۆرمان هەیە بۆ مامۆستایانی زمانی کوردی و خانەوادەکان، دەتوانن لە ڕێگەی ئەپڵیکەیشنەکانی وەزارەتی پەروەردەوە سوودمەبن و دەتوانین ڕاهێنان بە مامۆستایانی دەرەوەی وڵات بکەین، لە ڕێگەی ئەم خزمەتگوزارییە دیجیتاڵیەوە.
سامان سیوەیلی باسی لەوەش کرد، ئامانج لێی پاڵپشتی کردنی کوردستانیانی تاراوگەیە هەمیش فێرکردن و ئاشنا کردنی زمانی کوردییە، چونکە جگە لە زمانی کوردی تۆ ئاشنایان دەکەی بە کولتووری کوردی، جلوبەرگی کوردی، بۆنە نەتەوەییەکان، خواردنە کوردییەکان و ئاڵای کوردستان، بۆ ئەوەی ببین بە پردێک لە نێوانیان کۆمەڵگای کوردستان و ئەوانەی نیشتەجێی تاراوگەن بۆ ئەوەی دابڕان و بۆشایی دروست نەبێت لە نێوانیاندا. دواجار ئەمانە هاووڵاتییانی کوردستانن، ناکرێت کە دەگەڕێنەوە نەزانن بە زمانی دایکیان گفتوگۆ بکەن ئاشنای کولتووریش نەبن.
سوەیلی دەشڵێت: دوێنێ یەکشەممە، 4ـی ئاداری 2025، یاداشتنامەی لێکگەیشتن لە لایەن هەردوولاوە ئیمزا کرا، وەزیری پەروەردە بە نوێنەرایەتی وەزارەتی پەروەردە و ئیسماعیل کاملیش وەک سەرۆکی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی کە ئێستە لە هەرێمی کوردستانن بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک.
گوتیشی: ئێمە پاڵپشتی هەموو قوتابخانەکان دەکەین بە پێدانی کتێب، ئێمە بۆیان دابین دەکەین، بەڵام بە مەرجێک دەبێت ئەو قوتابخانانە، لە ژێر چەتری کۆنفیدراسیۆن ناوی تۆمار کرابێت. تاکوو ئیستاش دووهەزار و 250 کتێبمان بەخشیوە بەو قوتابخانانەی لەدەرەوەی وڵاتن.
هەروەها لە ڕابردوودا من بە فەرمانێک ڕاسپێدرابووم بۆ سەرپەرشتی ئەم دۆسییەیە، بەڵام لەدوای ئەم ئیمزا کردنە دەمانەوێت بە دامەزراوەیی ببێت، پێش دوومانگ بە فەرمانی وزاری و بە ڕەزامەندیی سەرۆکی حکوومەت، ئەم بەڕێوەبەرایەتییە دامەزرا بەناوی بەڕێوەبەرایەتی خوێندنی کوردی لە دەرەوەی وڵات.
سامان سیوەیلی ئەوەشی خستە ڕوو: ئێستاش ئەو ئەرکە سپێردراوە بە ئەو هەروەها ئەو بەڕێوەبەری ئەو بەڕێوەبەرایەتییە بە وەکالەت، ئێستە کە بەدامەزراوەیی کرا، دەیانەوێت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا پرۆژەکە فراوان بکەین و ژمارەی مامۆستاکان زیاد بکەین، بۆ نموونە لە کۆرسێکدا دەتوانین تەنیا 250 قوتابی وەرگرین، بەڵام دوای ئەوە دەتوانین دوو بۆ سێ هەزار قوتابی وەرگرین.
دەشڵێت: گرنگی بە قۆناغەکان دەدەین و لینکێکی باشمان لەگەڵ قوتابخانەکانی دەرەوەی وڵاتدا دەبێت، تا ئێستا جۆرێک لە دابران هەبووە، هەرچەندە ئەو قوتابخانانە حکوومەتی نین و ناحکوومەتین، بەڵام لەبەر ئەوەی گرنگی بە زمانی دایک دەدەن، ئێمەش بە ئەرکی خۆمانی دەزانین کە پاڵپستییان بکەین.
ئاماژەی بەوەش دا، لە ئایندەیەکی زوو یا درەنگ هەرکاتێک دەرفەت لەبار بوو، لە ڕێگەی ئەم یاداشتەوە قوتابخانەی حکوومی کوردی لە دەرەوەی وڵات بکەینەوە، وڵاتێکی وەکو عێراق نزیکەی 400 قوتابخانەی هەیە لە دەرەوەی وڵات و سەر بە وەزارەتی پەروەردەی عێراقن، ئێمەش بیرمان لەوە کردووەتەوە کە بتوانین لە کوێ شەقامی کوردی زۆر بێت، قوتابخانەی فەرمەی سەر بە وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەو وڵاتانە بکەینەوە.
گوتیشی: ئێستا لە کارکردنین تێیدا و دەمانەوێت زیاتر فراوانی بکەین، ژمارەی مامۆستا کە ئێستە دووە، بیکەین بە 20 مامۆستا، لەگەڵ فێربوونی زمانی کوردی و پاڵپشتی کردنی قوتابخانە کوردییەکانە لە دەرەوەی وڵات.
سیوەیلی باسی لەوەش کرد، لە سەرەتای دەست پێ کردنی کۆرسەکان منداڵ هەبووە نەیزانیوە بە کوردی قسە بکات یاخود ناوی خۆی بنوسێت، بەڵام ئێستا کە دوای تەواو بوونی شەش مانگەکە فیدباکمان بە ڤیدۆ بۆ گەڕاوەتەوە منداڵەکە بە کوردی دەنووسێت، دەخوێنێت و قسە دەکات، دەستکەوتێکی گرنگە بۆ ئێمە و جێگەی خۆشحاڵی دایک و باوک و خانەوادەکانیانە، لە چوارچێوەی ئەم لێکگەیشتنە وا بڕیاردرا هەر بەشداربوویەکی کۆرسەکە، بڕوانامەی لە هەرێمی کوردستان پێ ببەخشرێت.
ڕاشیگەیاند، لە ساڵانی ڕابردوودا دابڕانێک هەبوو لە نێوان ڕەوەندی کوردی و دامەزراوەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەوەی دەست پێکێکی زۆر گرنگە بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان خۆی خاوەندارییەتی لە دیاسپۆرا دەکات، بە پاڵپشتی و هاندان و هەر قوتابخانەیەک لە ئەورووپا یا هەر وڵاتێکی دیکە داوای کتێبی کوردی لە فیدراسیۆن بکات، ئەوان پێمان ڕادەگەیەنن و لەسەر ئەرکی حکوومەت کتێبەکان چاپ دەکەین و بۆیان دابین دەکەین و هەناردەی دەکەین.