ئوردن ئامادە نییە هێز ڕەوانەی کەرتی غەززە بکات

محەممەد مومنی وەزیری پەیوەندییەکانی حکوومەتی ئوردن
محەممەد مومنی وەزیری پەیوەندییەکانی حکوومەتی ئوردن

گوتەبێژی حکوومەتی ئوردن ڕایگەیاند، پاڵپشتی لە پرۆسەی ئاشتی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین دەکەن، بەڵام وڵاتەکەی ئامادە نییە، هێزی سەربازیی ڕەوانەی کەرتی غەززە بکات. 

ئەمڕۆ هەیینی 24ی تشرینی یەکەمی 2025، محەممەد مومنی وەزیری پەیوەندییەکانی حکوومەتی ئوردن بە ناوی گوتەبێژی حکوومەتەوە، لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکان گوتی؛ حکوومەتی وڵاتەکەی بڕیاری نەداوە، هیچ هێزی سەربازیی ڕەوانەی کەرتی غەززە بکات.

ئاماژەی بەوەشکرد، پاڵپشتی لە هەموو ئەو هەوڵانە دەکەن کە بۆ پرۆسەی ئاشتی لە نێوان ئیسرائیل و حەماس دەدرێن، ڕاشیگەیاند، هاوکارییەکانیان لە بواری سیاسی و بونیادنانەوەی غەززە بەردەوام دەبێت، بەڵام بەشداری لە هێزی نێودەوڵەتی ناکەن بۆ ئاسایش و سەقامگیری غەززە، هەربۆیە ئوردن لە لایەنی سەربازییەوە هیچ ڕۆڵێکی نابێت.

مومنی باسی لەوەکردووە، گەلی فەڵەستین مافی ئەوەیان هەیە، خۆیان بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن، هاوکات هێرشکرنە سەر شوێنە پیرۆزەکانی وەکو قودس و ئاوارەکردنی دانیشتووانی ئەو ناوچانە هێڵی سوورە.

لە بارەی هێرشەکانی ئەم دواییانەی ئیسرائیل و هەوڵی وڵاتان بۆ ڕاگرتنی شەڕ لە لایەن ئیسرائیلەوە، گوتی: سیاسەتی ئەم دواییەی ئیسرائیل لە ناوچەکە جۆرێکە لە شەڕانگێزی، لە بەرانبەردا سوپاسی هەوڵەکانی ئەمەریکا و وڵاتانی نێوەندگیر دەکەین بۆ بە دیهێنانی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕست، بە تایبەت لە کەرتی غەززە. 

ئاماژەی بەوەکردوە، ڕۆڵی ئوردن لە هاوکاریی گەلی فەڵەستین لە بواری مرۆییدا توانیویەتی کەمێک لە ئازارەکانی خەڵکی فەڵەستین کەم بکاتەوە، هەروەها بەردوامیش دەبن لە ناردنی هاوکارییەکان.

 
Fly Erbil Advertisment