حکوومەتی هەرێمی ئۆنتاریۆ بە شێوەیەکی کاتی ڕێکلامەکەی لە دژی باجی گومرگی ئەمەریکا ڕادەگرێت

حکوومەتی هەرێمی ئۆنتاریۆ-کەنەدا، دوای کاردانەوە توندەکەی سەرۆکی ئەمەریکا ڕێکلامەکەی هۆشیارکەرەوەکەی لە بەرانبەر بڕیارەکانی ئەمەریکا بۆ سەپاندنی باج بەسەر وڵاتان بە شێوەیەکی کاتی ڕادەگرێت.

هەینی 24ـی تشرینی یەکەمی 2025، دەگ فۆرد، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی ئۆنتاریۆ-کەنەدا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) لەبارەی ئەو ڕێکلامە هۆشیارییەی لەسەر سیاسەتی سەپاندنی باجی گومرگی لەلایەن ئەمەریکاوە نووسیویەتی: مەبەستی ئێمە هەمیشە کردنەوەی دەرگای گفتوگۆکان بووە دەربارەی ئەو جۆرە ئابوورییەی کە ئەمەریکییەکان دەیانەوێت دروستی بکەن.

باسی لەوەش کردووە، ئەوان بە ئامانجەکەمان گەیشتین، پەیامەکەیان بینەرێکی زۆری ئەمەریکی هەبوو و هاووڵاتییەکی بەرچاوی ئەمەریکی پەیامەکەیان پێگەشت.

هەروەها سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی ئۆنتاریۆ نووسیویەتی: دوای گفتوگۆ لەگەڵ مارک کارنی سەرۆک وەزیرانی کەنەدا، ئۆنتاریۆ لە ڕۆژی دووشەممەوە کەمپەینەی ڕێکلامەکەی لە ئەمەریکا بە شێوەیەکی کاتی ڕادەگرێت، تاوەکوو گفتوگۆ بازرگانییەکان دەست پێبکەنەوە.

دەگ فۆرد، ئەوەشی خستەڕوو، کەنەدا و ئەمەریکا دراوسێ، دۆست و هاوپەیمانن، ئەو دوو وڵاتە کاتێک پێکەوە کار دەکەن زۆر بەهێزترن. دەشڵێت: با بۆ بنیاتنانی "قەڵای ئەمەریکی-کەنەدی" (Fortress Am-Can) پێکەوە کار بکەین و هەر دوو وڵاتەکەمان بەهێزتر، خۆشگوزەرانتر و ئارامتر بکەین.

ئەمەش لە کاتێکدایە حکوومەتی هەرێمی ئەنتاریۆ لە کەنەدا لەبارەی بڕیارەکانی ئەمەریکا بۆ سەپاندنی باجی گومرگی بەسەر وڵاتان و بە تایبەتیش کەنەدا، ڕێکلامێکی هۆشیارکەرەوە بڵاو کردووەتەوە، لە ڕێکلامەکەدا گوتەکانی ڕۆناڵد ڕێگان، سەرۆکی پێشووتری ئەمەریکای بەکار هێناوە و تێیدا دەڵێت: سەپاندنی باجی زیادی گومرگی ، دەبێتە هۆی وەڵامدانەوەی باجە گومرگییەکان و بەمەش شەڕی توندی بازرگانی لە نێوان وڵاتان هەڵدەگیرسێت.

لە بەرانبەردا، دۆناڵد ترەمپ، نیگەرانی توندی خۆی لەو بارەوە ڕاگەیاند و ڕەخنەی توندی لە ڕێکلامەکە گرت و بە ساختە ناویبرد؛ هاوکات دەستبەجێ گفتوگۆیە بازرگانییەکانی لەگەڵ کەنەدا ڕاگرت.

 
 
Fly Erbil Advertisment