پردێ.. بەهۆی بانگەشەی هەڵبژاردنەوە گرژی و ئاڵۆزی دروست بوو

لە پردێ بەهۆی بانگەشەی هەڵبژاردنەوە گرژی و ئاڵۆزی دروست بووە و چەند شایتحاڵێک ڕایانگەیاندووە، لایەنگرانی بەرەی تورکمان لە گەڕەکە کوردنشینەکان سووکایەتییان بە دانیشتووانی ئەو گەڕەکانە کردووە و ئاڵۆزی دروست بووە.

هەینی 24ـی تشرینی یەکەمی 2025، چەند شایتحاڵێک بە پەیامنێری کوردستان24یان لە کەرکووک ڕاگەیاندووە، لایەنگرانی بەرەی تورکمان چوونەتە نێو گەڕەکە کوردنشینەکان لە پردێ و ئاڵای بەرەی تورکمانیان بەرزکردووەتەوە و سووکایەتییان بە دانیشتووانە کوردەکان کردووە و بە هۆیەوە گرژی لە نێوانیان دروست بووە.

پەیامنێری کوردستان24 باسی لەوەش کرد، گرژییەکان لەو ناوچەیە تەشەنەی کرد و شەڕ لە نێو لایەنەکان دروست بووە، بەڵآم دۆخەکە ئێستا هێور بووەتەوە و سوپا بڵاوەیان پێکراوە و ڕێگری لە تەشەنەکردنی دەگرێت، هاوکات حزب و لایەنەکانی پەیوەندیدار هاتوونەتە سەر هێڵ بۆ ئەوەی چارەسەر ئەو کێشەیە بکەن و زیاتر تەشەنە نەکات و نەبێتە شەڕی نەتەوەیی.

زۆزک شێخ لەتیف، کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بازنەی کەرکووک لە شوێنی ڕووداوەکە گوتی: شارۆچکەی پردێ لە هەر دوو پێکهاتەی کورد و تورکمان پێک دێت و ماوەیەکی زۆر بەیەکەوە دەژین، بەڵام بەرزکردنەوەی ئاڵای بەرەی تورکمان و سووکایەتی کردن بە کورد، بە هیچ شێوەیەک جێگای قبووڵ کردن نییە.

 

 
 
Fly Erbil Advertisment