لیژنەی دارایی پەرلەمان چاوەڕێی خشتەکانی بودجەی 2025 دەکات

سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند: لە خشتەکانی بودجەی ئەمساڵدا دامەزراندنی نوێ ناکرێت، بەڵکو تەنیا دانان و گرێبەست بۆ فەرمانبەری نوێ دەکرێت، ئەوەش لەپێناو کەمکردنەوەی خەرجییەکانی حکوومەت.
پێشبینی دەکرێت کە تاوەکوو کۆتایی ئەم مانگە خشتەکانی پەیوەست بە بودجەی ئەمساڵ بنیردرێتە لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق. لەو بارەیەوە عەتوان عەتوانی، سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق گوتی: لە خشتەکانی بودجەی ئەمساڵدا دامەزراندن ناکرێت، بەڵکو تەنیا دانان و گرێبەست بۆ فەرمانبەری نوێ دەکرێت ئەوەس لەپێناو کەمکردنەوەی خەرجییەکانی حکوومەت.
سەرۆکی لیژنەی دارایی ئاماژەی بەوەش کردووە، پێشبینی دەکەن کە تاوەکوو ناوەڕاست و کۆتایی ئەم مانگە خشتەکانی پەیوەست بە بودجەی عێراق بنیردرێتە پەرلەمان تاوەکوو بەدواداچوونی لەسەر بکرێت، بەڵام هیچ پێشبینییەک ناکەن کە خەرجی بودجەی ئەمساڵی عێراق زیاتربێت لە بودجەی ساڵی ڕابردوو.
هاوکات، لە بودجەی ئەمساڵدا کۆتایی بە بودجەی سێ ساڵە دێت و ئەمساڵ کۆتا ساڵی بودجەی سێ ساڵە دەبێت، کە دەبێت لە بودجەی ئەمساڵدا سەرجەم کێشەکان چارە بکرێن، چونکە عێراق یەکەم جارە لە مێژوودا بودجەی سێ ساڵەی هەبێت. بۆیە ساڵی یەکەم هەڵەی زۆر بووە. ساڵی دووەمیش تەنیا ڕێکخستن کراوە و ئەمساڵیش گرفتەکان کۆتاییان دێت و بەشێکی زۆری کێشەکان کە پەیوەستن بە بودجە، چارە دەکرێن.