وەزیری ئاوەدانکردنەوە: لە كابینەی نۆیەمدا 72 پڕۆژەمان جێبەجێكردووە
.
K24 - ھەولێر
وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حكومەتی ھەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، لە ماوەی ساڵی رابردوودا 72 پڕۆژەیان ئەنجامداوە و چەند پڕۆژەیەكی دیكەش بڕیاریان لێدراوە، بەھۆی بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا نەتوانراوە جێبەجێ بكرێن.
دانا عەبدولكەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن بە كوردستان24ی راگەیاند: "لەماوەی ساڵێكدا 72 پڕۆژە بە بڕی 40 ملیار دینار جێبەجێكراون، جگە لەوەش چەندین پڕۆژەی دیكە خراونەتەوەگەڕ، بەتایبەتی پڕۆژەی دووسایدی نێوان شارە گەورەكان".
گوتیشی: "دەكرێ كارەكانی ئەم كابینەیە بكرێت بە دوو قۆناغ، قۆناغی پێش كۆرۆنا وەك وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە توانیومانە كاری باش بكەین، ھەروەھا ھەموو وەزارەتەكانی دیكە بە ئەركی خۆیان ھەڵساون".
ئاماژەی بەوەشكرد: "دوای ھاتنی كۆرۆنا ستراتیجیەتی حكومەتی گۆڕانكاری بەسەر داھات، ھەموو ھەوڵەكان بۆ ئەوەبوون كە خەڵكی كوردستان پارێزراوبن و كەمترین زیان بەر كوردستان بكەوێت، رێكارەكانی حكومەت لەو چوارچێوەیە بە سەركەوتووترین رێكار دانراوە، بۆ كۆنترۆڵكردنی ڤایرۆسەكە، ھەروەھا لەگەڵ كەمبوونەوەی داھاتەكان خاڵێكی دیكە لە ستراتیجیەتی حكومەت دابینكردنی مووچەی فەرمانبەران بووە".
وەزیری ئاوەدانکردنەوە، راشیگەیاند: "لەم كابینەیەدا تا رادەیەكی باش ھەماھەنگی ھەیە لە بڕیاردان، زۆرجار رای جیاواز ھەبووە، بەڵام بڕیارەكان بە كۆدەنگی دراون، ھیواخوازم ئەم كۆدەنگییە لە ئەنجومەنی وەزیران پتەوتر بكەین".
ئەوەشی خستەڕوو: "دروستكردنی یەكەی نیشتەجێبوون بۆ كرێنشین و كەمدەرامەتان لە پلانی وەزارەتەكەمان دایە و ئێستا 9 ھەزار یەكەی نشتەجێبوون لە واری جێبەجێكردندان، ئەگەر دۆخی دارایی لەباربێت دەمانەوێت 12 ھەزار یەكەی نیشتەجێبوون دروست بكەین".