دهۆك یانەیەكی خولی رۆشنی سعوودیەی شۆك كرد
كوردستان24 و دهۆك مێژووییەكی گەورەیان نووسییەوە
لە قۆناغی پێشكۆتایی جامی یانەكانی كەنداوی عەرەبی، لە شاری دەمامی سعوودیە، یانەی ئیتیفاق كە لە خولی رۆشنی سعوودیە یاریی دەكات میوانداریی یانەی دهۆكی كوردانی كرد، هەڵۆیەكان یارییەكەیان لە دەرەوەی خاكی خۆیان ئەنجام دا، بەڵام كوردستان24 لەنێو پاركی نەورۆزی شاری دهۆك كەشێكی تایبەت و مێژوویی بۆ هاندەرانی هەڵۆیەكان دروست كرد بوو، هەزاران هاندەران لەبەردەم شاشەی كوردستان24 بە كۆمێنتاری ڤەهێل كەلەش سەیری سەركەوتنە مێژووییەكەی دهۆكیان كرد.
لە یاریی چوونی قۆناغی پێشكۆتایی جامی كەنداوی عەرەبی، یانەی دهۆك رووبەڕووی یانەی ئیتیفاقی سعوودیە بووەوە، یانە سعوودییەكە دوو هەفتە پێش ئەو یارییە لە خولی رۆشن شكستی بە یانەی نەسر هێنا بوو كە كریستیانۆ رۆناڵدۆ سەركردایەتی ئەو تیپەی كرد.
یانەی دهۆك بە دەروونێكی پۆڵایین، بەبێ ترس و دڵەڕاوكێ لەنێو خاكی سعوودیە بەرەنگاری یانەی ئیتیفاق بووەوە و یارییەكەی بە گۆڵێكی هێرشبەری بەرازیلی (مارلۆن دۆس سانتۆس) بردەوە.
بڕیاریشە یاریی گەڕانەوەی جامی كەنداوی عەرەبی رۆژی چوارشەممەی داهاتوو لەنێو یاریگەی دهۆك بەڕێوە بچێت، هەڵۆیەكان بە یەكسانبوونیش راستەوخۆ بۆ یاریی كۆتایی سەردەكەون و دەبنە و یەكەمین یانە لە مێژووی عێراق بگاتە یاریی كۆتایی.