بازرگانێک: لە بەریتانیا خواستێکی زۆر لەسەر بەروبوومی خۆماڵیی هەرێمی کوردستان هەیە

هەناردەکردنی بەروبوومی خۆماڵیی هەرێمی کوردستان بۆ بەریتانیا بەردەوامە و بازرگانێکیش دەڵێت: لێرە، خواستێکی زۆر لەسەر ئەو بەروبوومانە هەیە، ئێستە بێجگە لە کورد، هاووڵاتییانی وڵاتانی دیکەش دەیکڕن. 

ڕزگار ئاکرەیی، بازرگانە و ماوەی پێنج ساڵە بەرهەمی خۆماڵیی هەرێمی کوردستان هەناردەی بەریتانیا دەکات. ئەو، بە دلۆڤان عیمادەددین، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند "سەرەتا کێشەمان لەگەڵ بە بازاڕکردنی بەروبوومی خۆماڵیی هەرێمی کوردستان هەبوو، چونکە تەنها ئەو کوردانەی لێرە دەژین، دەیانکڕی، بەڵام ئێستە هاووڵاتییانی بەریتانیا و وڵاتانی دیکەش، دەیکڕن و خواستێکی زۆری لەسەرە."

ڕزگار ئاکرەیی باسی لەوەش کرد "ئێستە چەندان جۆر بەروبووم، بە تایبەت سماق، برنج و تەحین لە هەرێمی کوردستانەوە دەهێنینە بەریتانیا و لێرە بەبازاڕیان دەکەین." گوتیشی: خواستێکی زۆر لەسەر سماقی کوردی هەیە و چەندان خواردنگەی بەریتانیا بە تایبەت داوای دەکەن."

ئەو بازرگانە کوردە ئاماژەی بەوەش دا "هەموو ئەو بەروبوومانەی لە هەرێمی کوردستانەوە هەناردەی بەریتانیا دەکرێن، ناوی کوردییان لەسەرە. هەروەها جۆرە چپسێکی کوردیش لێرە دەفرۆشین بە ناوی (کاکە) کە خواستێکی زۆری لەسەرە." جەختیشی کردەوە "پلانمان هەیە لە داهاتوودا چەندان جۆر بەروبوومی دیکەی کوردی هەناردەی بەریتانیا بکەین."