کابینەی نۆ دەستی بە نەهێشتنی گەندەڵی و زێدەڕۆییەکان کردووە

بەشێکە لە کارنامەکەی

K24- هەولێر:

کابینەی نۆیەم بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی سنوورێکی بۆ گەندەڵی و زێدەڕۆییەکان داناوە، لەوبارەشەوە کار لەسەر زیادکردنی داهات، کەمکردنەوەی زێدەڕۆییەکان و چاکسازیی لە خاڵە سنوورییەکان کراوە.

حاكم ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی، لەوبارەوە بە کوردستان24ـی راگەیاند، زێدەڕۆیی لەسەر زەوی و زار ناهێڵدرێت و خاڵە سنوورییەکان چاکسازیان تێدا دەکرێت.

راشیگەیاند، حکومەت لە رووی کارگێڕیی و خزمەتگوزاری گۆڕانکاری بەخۆیەوە دیبوو، بەڵام هاتنی کۆرۆنا و بڕینی بودجە، چاکسازییەکانی دواخست.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئومێد زۆرە لە ماوەی تەمەنی ئەم کابینەیە، گۆڕانکاری گەورە ئەنجام بدرێت.

وەک بەشێک لە کارنامەکەی، حکومەتی هەرێمی کوردستان رووبەڕووی گەندەڵی بووەتەوە، بۆ ئەوەش یاسای چاکسازیی خستە واری جێبەجێکردنەوە و لە قۆناغی داهاتووش کار  لەسەر شەفافیەتی زیاتر لەسەر داهاتەکان دەکات.