ئیدارەی گەرمیان چەند بڕیارێكی نوێی دەركرد

.

K24 - گەرمیان

ئەمڕۆ 11/7/2020 ژووری ئۆپه‌راسیۆنی ئیداره‌ی گه‌رمیان كۆبووەوە و چەند بڕیارێكی نوێی لەبارەی رێكار و رێنماییەكانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا دەركرد.

بڕیارەكانی ژووری ئۆپه‌راسیۆنی ئیداره‌ی گه‌رمیان بریتین لە:..

  1. ده‌وامی فه‌رمانگه‌ و داموده‌زگاكانی حكومه‌تی هه‌رێم له‌ سبه‌ینێ (12/7/2020) وه‌ به‌ له‌به‌رچاوگرتنی خۆپارێزی و شێوازی ته‌ناوبی ده‌وام به‌ڕێژه‌ی 30% ی فه‌رمانبه‌ران ده‌ستپێده‌كات و هه‌فتانه‌ له‌ رۆژی یه‌كشه‌مه‌ تا چوارشه‌مه‌ ده‌وام ده‌كرێت، هه‌ر هاووڵاتیه‌كیش كه‌ سه‌ردانی فه‌رمانگه‌كان ده‌كات رێكاری خۆپارێزی نه‌گرێته‌به‌ر مامه‌ڵه‌كه‌ی راییناكرێت.
  2. كردنه‌وه‌ی بازاڕ و شوێنه‌ گشتییه‌كان و ماركێت و كافتریا و چێشتخانه‌ و چایخانه‌ و هۆڵه‌كانی له‌شجوانی و مه‌له‌وانگه‌ و سه‌رجه‌م شوێنی كاره‌كان، به‌ گرتنه‌به‌ری رێكاری توندی خۆپارێزی، هه‌ر شوێنێكیش خۆپارێزی نه‌كات داده‌خرێت، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش لیژنه‌كانی چاودێری ته‌ندروستی و قایمقامیه‌ته‌كان چاودێری ورد ده‌كه‌ن.
  3. مزگه‌وت و شوێنه‌ ئاینییه‌كان و پرسه‌ و هۆڵ و جێگای بۆنه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌ داخراوه‌یی ده‌مێننه‌وه‌.
  4. هاتووچۆی هاووڵاتیان و گه‌شتیاران له‌ نێوان ئیداره‌ی گه‌رمیان و پارێزگاكانی عێراق و مه‌رزی په‌روێزخان، به‌ داخراوه‌یی ده‌مێنێته‌وه‌.
  5. ده‌سه‌ڵاتی ته‌واو ده‌درێت به‌ قایمقامه‌كان به‌ له‌به‌رچاوگرتنی بارودۆخی سنوری یه‌كه‌ی ئیدارییان بڕیاری زیاتر ده‌ربكه‌ن.
  6. ژوری ئۆپه‌راسیۆنی ئیداره‌ی گه‌رمیان داوا له‌ هاووڵاتیانی خۆشه‌ویستی سنوره‌كه‌ ده‌كات بارودۆخی مه‌ترسیداری گه‌رمیان له‌به‌رچاوبگرن و خۆپارێزی بكه‌ن، ئه‌وه‌ش له‌ پێناو پاراستنی ته‌ندروستی خۆیان و هاووڵاتیان.