ڕوانگەی سووری بۆ کوردستان24: لە دوو ڕۆژی شەڕ و پێکدادانەکاندا 600 کەس کوژراون

ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند: لە دوو ڕۆژی شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان عەلەوییەکان و سوپای حکوومەتی نوێی سووریا، ژمارەی گیانلەدەستدان بۆ 600 کەس بەرز بووەتەوە.
شەممە 8ـی ئاداری 2025، ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، لەبارەی نوێترین ئاماری کوژراوانی شەڕی نێوان عەلەوییەکان و سوپای حکوومەتی نوێی سووریا، وەڵامی کوردستان24ـی دایە.
بە پێی زانیارییەکانی ڕوانگەگە، لە دوو ڕۆژی شەڕ و پێکدادانەکان ژمارەی گیانلەدەستدان بۆ 600 کەس بەرز بووەتە.
لای خۆیەوە حەسەن عەبدولغەنی، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی سووریا، لە ڕاگەیاندراوێکدا، باسی لە دۆخی ئەمنیی وڵاتەکە کرد و گوتی: هێزەکانمان توانیویانە پێشکەوتنی خێرا لە ڕاوەدوونانی پاشماوەکانی ڕژێمی پێشوو بەدەست بهێنن.
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی سووریا، دەڵێت: دۆخی وڵاتەکە بە تەواویی لەژێر کۆنترۆڵدایە. هاوکات داوا لەو کەسانەش دەکات کە هاتوونەتە کەناراوەکان بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان و وەک ئاماژەی پێ دەکات، دۆخی وڵات ئارامە.
جەختی لەوەش کردەوە، هێزەکانیان، ناوچەکان و پاشماوەکانی ڕژێمی ئەسەدیان گەمارۆ داوە. گوتیشی: "ئەوانەی بەدیل گیراون ڕادەستی لایەنە ئەمنییە پەیوەندیدارەکان دەکرێن."
پێنجشەممە 6ـی ئاداری 2025، لە لازقییە شەڕ و پێکدادان لە نێوان هێزەکانی حکوومەتی نوێ سووریا و لایەنگرانی ڕژێمی پێشووی ئەسەد ڕووی دا.
سێ مانگە رژێمەکەی بەشار ئەسەد کەوتووە، لەو ماوەیەدا پێکهاتەکانی سووریا بە تایبەت عەلەوییەکان لەلایەن چەکدارانی تەحریر شام ڕووبەڕووی پێشێلکاری توند بوونەتەوە، لە هەڵکوتانە سەر ماڵەکان و دەستگیرکردنی گەنجەکان، تا دەگات بە لە سێدارەدانی مەیدانیی. ئەم ڕووداوانە وایانکرد، لە 6ـی شوبات گرووپێکی چەکدار لە پارێزگاکانی لازقیە و تەرتووس بەناوی "لیوای قەڵغانی کەناراوەکان" بە سەرکردایەتی میقداد فەتیحە، دروست ببێت.