مەسرور بارزانی بەردی بناغەی شەقامی 100 مەتری سلێمانی دانا

.

K24 - سلێمانی

مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان بەردی بناغەی شەقامی 100 مەتری سلێمانی دانا.

ئەمڕۆ شەمە 11/7/2020 مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان، لە رێوڕەسمێكدا بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت و ژمارەیەك لە وەزیران و بەرپرسانی ئیداری سلێمانی، بەردی بناغەی شەقامی 100 مەتری سلێمانی دانا كە یەكێكە لە پڕۆژە ستراتیجییەكان بۆ چارەسەركردنی كێشەی ھاتووچۆ لە شاری سلێمانی.

مەسرور بارزانی، لە رێوڕەسمی دانانی بەردی بناغەی شەقامی 100 مەتری لە سلێمانی رایگەیاند، پرۆژەکە یەکێکە لە پڕۆژە گەورەکانی حکومەت و خەڵکی سلێمانی شایەنی پرۆژەی زیاترن.

راشیگەیاند، خۆم به‌ به‌خته‌وه‌ر ده‌زانم و خۆشحاڵم ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ ئێوه‌ به‌شدارم بۆ دانانی به‌ردی بناغه‌ی شه‌قامی 100 مه‌تری سلێمانی. بێگومان یه‌كێكه‌ له‌ پڕۆژه‌ هه‌ره‌ گه‌وره‌ و ستراتیژیجییەكان حكومه‌ت بۆ شاری خۆشه‌ویستی سلێمانی.

سەرۆکی حكومەتی ھەرێمی كوردستان گوتی، خۆشه‌ویستانی سلێمانی شایه‌نی ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ و پڕۆژه‌ی گه‌وره‌ترن، ئێمه‌ له‌ حكومه‌ت به‌ڵێنمان داوه‌ خزمه‌تكاری هه‌مووان بین.

ئاماژەی بەوەشکرد، له‌م حكومه‌تە گرنگی به‌ هەموو ژێرخانەکان ده‌ده‌ین، رێگه‌وبانیش به‌شێكی سه‌ره‌كییه‌، لێره‌وه‌ پیرۆزبایی له‌ خه‌ڵكی سلێمانی ده‌كه‌م.

سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان جەختیكردەوە، راسته‌ ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ ده‌مێكه‌ قسه‌ی له‌سه‌ر ده‌كرێت، له‌م كابینه‌یه‌دا ئێمه‌ به‌ڵێنه‌كه‌مان برده‌سه‌ر، دوای ئه‌وه‌ی خوێندنه‌وه‌یه‌كی زانستیانە بۆ پرۆژەکە کرا به‌ دیزاینێك و بودجه‌یه‌كی باشتر. ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ ده‌ستكه‌وتێكی گه‌وره‌ بۆ خه‌ڵكی سلێمانی و ته‌واوی هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان.

شەقامی 100 مەتری سلێمانی لەگەڵ تۆڕی شەقامە لاوەكییەكان 146 كیلۆمەترە و پڕۆژەكە بە سێ قۆناغ جێبەجێ دەكرێت. حكومەتی ھەرێمی كوردستان 400 ملیار دیناری بۆ تەرخان كردووە. لە قۆناغی یەکەم 32  کیلۆمەتر تەواو دەکرێت و دواتر دەست بە قۆناغەکانی دیکەش دەکرێت. هەروەها، شەقامەکە لە 7 یەکتربڕ پێکهاتووە، کە چواریان گەورەن و سێ دیكەیان بچووکن، هەروەها هەشت پردی پەڕینەوە لەخۆدەگرێت.

Fly Erbil Advertisment