حکوومەت لە قەرزێکی هاووڵاتییان خۆش بوو

"چەندان جارە داوای زانیاریی زیاتر لەبارەی پێشنیازەکەمان دەکەن"

لێخۆشبوونی تەواو بۆ قەرزی سوودی کشتوکاڵی دەرکرا. هاوکات پێشنیازێک بۆ لێخۆشبوون لە بەشێکی قەرزی خانووبەرە ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کراوە. 

بە گوێرەی نووسراوێکی فەرمی کە ئەمڕۆ یەکشەممە، 09-03-2025، ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بانکە پسپۆڕییەکان کراوە، کۆپییەکی دەست کوردستان24 کەوتووە و ئیمزای ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی لەسەرە، ئەنجوومەنی وەزیران لێخۆشبوونی بۆ قەرزی سوودی کشتوکاڵی دەرکردووە. 

بڕیارەکەی وەزارەتی دارایی و ئابووریی پاڵپشت بە نووسراوی ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە (15786) لە 12-11-2024، دەرکراوە و لە سێ خاڵ پێک هاتووە:

1. ڕەزامەندی درا لەسەر لێخۆشبوون لە سوودی بانکی کشتوکاڵی ئەو جووتیارانەی نەیانتوانیوە قەرزەکانیان بەهۆی قەیرانی داراییەوە بدەنەوە. 

2. ئەوانەی کۆی قەرزەکانیان گەڕاندووەتەوە، تەنها سوودەکەیان لەسەر ماوەتەوە، ئەم لێخۆشبوونە دەیانگرێتەوە. 

3. جووتیار پێویستە لە ماوەی ساڵی دارایی (2025) قەرزەکە بگەڕێنێتەوە، بە مەرجێک لە سێ گوژمە زیاتر نەبێت و لێخۆشبوونەکە لە دوای وەرگرتنەوەی دوایین گوژمە بۆی دەکرێت. 

 

دەقی نووسراوی وەزارەتی دارایی و ئابووریی لەبارەی لێخۆشبوون لە قەرزەکە

 

پێشنیاز بۆ لێخۆشبوون لە بەشێکی قەرزی خانووبەرە کراوە

 جەمیل ئەبوبەکر، بەڕێوەبەری گشتیی بانکە پسپۆڕییەکانی هەرێمی کوردستان بەوەکالەت، بە ماڵپەری کوردستان24ـی ڕاگەیاند "بێجگە لەم لێخۆشبوونە، لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە، ژمارەیەک پێشنیازی زۆرباش و گرنگمان بە نووسراوی فەرمی بۆ لێخۆشبوون لە بەشێکی قەرزی خانووبەرە، ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران کردووە، بەڵام زیاتر لە جارێکە سەرۆکایەتیی دیوانیی ئەنجوومەنی وەزیران داوای زانیاریی زیاتر لەبارەی پێشنیازەکانمان لێ دەکات، سەرەڕای ئەوەی، هەموو زانیارییەکی پێویستمان ئاراستە کردووە."

بە گوتەی جەمیل ئەبوبەکر "ئەگەر پێشنیازەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووریی لەبارەی لێخۆشبوون لە بەشێکی قەرزی خانووبەرە، لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پەسەند بکرێن، لەوانەیە لە نێوان 20% بۆ 25% لێخۆشبوون بۆ بەشێکی ئەو قەرزە بکرێت کە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان پێش ساڵی 2014 بۆ دروستکردنی خانوو لە حکوومەت وەریانگرتووە."

بەڕێوەبەری گشتیی بانکە پسپۆڕییەکانی هەرێمی کوردستان بەوەکالەت باسی لەوەش کرد "ئەو پێشینەیەی خانووبەرە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێش ساڵی 2014 بە هاووڵاتییانی داوە، لە نێوان 20 ملیۆن بۆ 25 ملیۆن دینار بوو، بەڵام بەهۆی نەدانەوەی قیستی مانگانەیان، بڕێکی پارەی زیادە چووەتە سەر قەرزی چەندان هاووڵاتی. ئەگەر پێشنیازەکانمان پەسەند بکرێن، بێجگە لە لێخۆشبوون لە بەشێکی قەرزەکە، لێخۆشبوونی تەواو بۆ  پارە زیادەکەش دەکرێت."

"زیاتر لە دوو تریلیۆن دینار قەرزی حکوومەت لای هاووڵاتییان ماوە"

دابەشکردنی پێشینەی خانووبەرە لە ساڵی 2008ـەوە دەستی پێ کرد، بەڵام بە هۆی قەیرانی لە ساڵی 2014 وەستا. لە ماوەی ئەو شەش ساڵە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان زیاتر لە چوار ترلیۆن و 100 ملیار دیناری وەکوو پێشینە و قەرزی نیشتەجێبوون و خانووبەرە و پرۆژەگەلی کشتوکاڵی و هاوسەرگیری و پیشەسازی و گەشتیاری بە هاووڵاتییان دا. 

وەکوو ئەوەی جەمیل ئەبوبەکر باسی کرد "لە کۆی ئەو قەرزەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە هاووڵاتییانی داوە، تاوەکوو کۆتایی ساڵی 2022، نزیکەی یەک تریلیۆن و 950 ملیار دینار بۆ گەنجینەی گشتی گەڕێنراوەتەوە، بەڵام تاوەکوو ئێستەش زیاتر لە دوو تریلیۆن و 150 ملیار دینار لای هاووڵاتییان ماون."

بەڕێوەبەری گشتیی بانکە پسپۆڕییەکانی هەرێمی کوردستان پێی وایە، ئەگەر ئەنجوومەنی وەزیران پێشنیازی لێخۆشبوون لە بەشێکی قەرزی خانووبەرە پەسەند بکات، بەشێکی زۆری هاووڵاتییان لە ماوەیەکی کەمدا قەرزەکانیان دەدەنەوە، ئەمەش هەم سوودی بۆ خەڵک و هەمیش بۆ حکوومەت هەیە، چونکە بڕە پارەیەکی زۆر بۆ گەنجینەی گشتی دەگەڕێتەوە.