واشنتن ڤیزا و شوێنی نیشتەجێبوونی لایەنگرانی حەماس هەڵدەوەشێنێتەوە

مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەمڕۆ دووشەممە، 10ـی ئاداری 2025، ڕایگەیاند، ئەمەریکا لایەنگرانی بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی دیپۆرت دەکاتەوە و ڤیزا و نشیمەنیی هەمیشەیی ئەوان هەڵدەوەشێنێتەوە.

ڕوبیۆ، لە پۆستێکیدا لەسەر پلاتفۆرمی کۆمەڵایەتی ئێکس، لەبارەی دەستگیرکردنی چالاکوانی خوێندکاری فەڵەستینی مەحموود خەلیل، کە لە زانکۆی کۆڵۆمبیا ناڕەزایەتی دەربڕی بەرامبەر بە ئیسرائیل، گوتی "ڤیزا و گرینکارتی لایەنگرانی حەماس لە ئەمەریکا هەڵدەوەشێتەوە، ئەمەش ڕێگە خۆش دەکات بۆ دیپۆرتکردنەوەیان".

ئیمی گریر، پارێزەر ڕایگەیاند، خەلیل لەناو شوقەکەی کە خاوەندارێتی زانکۆیە لە مانهاتن دەستگیر کراوە، لەوێ چەند بریکارێکی کۆچبەران و جێبەجێکردنی گومرگی چوونەتە ناو باڵەخانەکەوە و دەستبەسەرییان کردووە.

مەحموود خەلیل، فەلەستینی یەکێکە لە قوتابییە چالاکوانەکانی زانکۆی کۆڵۆمبیا، چەند ڕۆژێک بەر لە ئێستا ناڕەزایەتی بەرامبەر ئیسرائیل دەربڕی و سەر ئەنجام دەستگیر کراوە.