مۆزەخانەیەکی فینلەندی ناو و شێوازی خۆی بە گوێرەی پەیوەندیی دیپلۆماسی دەگۆڕێت

ساڵی 1946 مۆزەخانەی لینین لە تامبیری فینلەندا، وەک هێمای دۆستایەتیی نێوان فینلەندا و ڕووسیا کرایەوە. لە گەرمەی شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیا و تێکچوونی پەیوەندیی دیبلۆماسیی نێوان ڕووسیا و فینلەندا، مۆزەخانەکە ناو و شێوازی خۆی دەگۆڕێت.

 مۆزەخانەکە لە مانگی تشرینی دووەمی پار داخرا و چەند ڕۆژێک لەمەوبەر بە ناوێکی تازە و دیزاین و شێوازێکی نوێ کرایەوە. ناوی مۆزەخانەکە کراوە بە (نۆتتی) بە زمانی فنلەندی واتە تیبینیی دیبلۆماسیی. 

پاش کۆتایی شەڕی جیهانیی دووەم، مۆزەخانەکە وەک هێمایەک بۆ دۆستایەتیی پاش شەڕ کرایەوە و بە تایبەتیش شاری تامبیری بۆ دانانی هەڵبژێردرا، چونکە لینین و ستالین بۆ یەکەمجار، وەک دوو سەرکردەی گەنجی کۆمۆنیست لەو شارەدا یەکتریان بینی. 

لە ساڵانی شەڕی سارددا، زۆربەی کۆبوونەوە دیبلۆماسییەکانی نێوان ڕووسیا و فینلەندا لەو شارە دەکرا. 

ساڵی 2016 مۆزەخانەکە بە جۆرێک نۆژەن کرایەوە کە سەرنج بخاتە سەر مێژووی یەکێتیی سۆڤییەتی جاران، نەک ژیانی لینین. 

نۆژەنکردنەوەی ئەمجارەی مۆزەخانەکە ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە ئاڵۆزبوونی پەیوەندیی نێوان فینلەندا و ڕووسیا  پاش هێرشی بەربڵاوی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا.

بەڕێوەبەری مۆزەخانەی نۆتتی، کالی کالیو دەڵێت: ناوی لینین لەم چەند ساڵەی دوایدا بووە بە بارێکی گران بەسەر شانی مۆزەخانەکەمانەوە. بە تایبەت لە سێ ساڵی ڕابردوودا دەرکەوت کە ناوی لینین ئیتر مارکەیەکی بازرگانیی باش نییە. خەڵک ئێستە لە ڕۆڵی جارانی مۆزەخانەکە تێ ناگەن. بۆیە بڕیارمان دا ناو و دیزانینی مۆزەخانەکە بگۆڕین. 

کالیو هەروا گوتی: پاش پەلاماری ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا و بوونی فینلەندا بە ئەندامی ناتۆ و داخستنی سنووری هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات، کە درێژییەکەی 1330 کیلۆمەترە، ئیتر پێویست ناکات مۆزەخانەکە وەک هێمای دۆستایەتیی بمێنێتەوە.