سەرچاوەیەک بۆ کوردستان24: ڕێکارەکانی پارەدارکردنی کوردستان تەواوبووە

سەرچاوەیەک بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: ڕێکارەکانی پارەدارکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان تەواو بووە، بە دڵنیایی سبەی ئەو بڕە پارەیە بۆ مووچەی مانگی شوباتی 2025 مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەگات.

دووشەممە 10ـی ئاداری 2025، سەرچاوەیەک بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: تەیف سایف، وەزیری دارایی فیدراڵ تیمی وەزارەتەکەی ڕاسپاردووە دەست بە پارەدارکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بکەن، هەر بەپێی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوەیە، تەیف سامی چەند تێبینییەکی هەبووە کە لەلایەن تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی هەرێم چارەسەر کراون، گوتیشی: ڕێکارەکان تەواو دەبن و بە ئەگەری زۆرەوە سبەی هەرێمی کوردستان پارەدار دەکرێت بۆ مووچەی مانگی شوباتی مووچەخۆرانی هەرێم، ئەگەر هیچ کێشەیەکی دیکە نەیەتە ڕێگە.

بەپێی زانیارییەکانی سەرچاوەکەی کوردستان24، تەیف سامی، وەزیری دارایی فیدراڵ، داوای ژمارەی وەزیفی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی کردووە، وەزارەتی پلاندانانی هەرێمیش ژمارەی وەزیفی 669 هەزار فەرمانبەری هەمیشەیی و 31 هەزار فەرمانبەری گرێبەستی ناردووە، هاوکات داوای لە وەزارەتی دارایی هەرێم کردووە ڕێژەی سەدا 10 لە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە ساڵی 2014ـەوە بگێڕنەوە کە پێشتر سەدا 7ـیان گێڕاوەتەوە، بەڵام وەزارەتی دارایی هەرێم دەیەوێت بەشێوەیەک ئەو سەدا 3ێەی مووچە بگێڕێتەوە، بارقورسی نەخاتە سەر فەرمانبەران.

جێی باسە،  669 هەزار فەرمانبەری هەمیشەیی، 31 هەزار فەرمانبەری گرێبەست، 380 هەزار خانەنشین و شەهیدان و زیندانیانی سیاسی، لەگەڵ 72 هەزار مووچەخۆری کارووباری کۆمەڵایەتی لە هەرێمی کوردستان هەیە، کە بە تێکڕای هەموو ئەو مووچەخۆرانە، ژمارەی مووچەخۆران لە هەرێمی کوردستان دەگاتە نزیکەی ملیۆنێک و 150 هەزار مووچەخۆر.