بەنوێنەرایەتی 15 زانکۆ ژمارەیەک قوتابی ئەڵمانیا گەیشتنە هەولێر

ژمارەیەک لە قوتابیانی 15 زانکۆی ئەڵمانیا  بە گەشتێكی زانستی گەیشتنە هەولێر و بڕیارە بە ناوچە جیاوازەکانی کوردستاندا بگەڕێن و دەخوازن ئاشنای مێژوو و کلتوور و شارستانییەتی کوردستان بن.

دووشەممە 10ـی ئاداری 2025، ژمارەیەک لە قوتابیانی 15 زانکۆی ئەڵمانیا، بە گەشتێكی زانستی گەیشتنە هەولێر و لە وێستگەیەکی سەردانەکەیان، لە فەرمانگەی ڕێکخراوە نا حکوومییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ فەلاح حەسەن، سەرۆکی فەرمانگەکە کۆبوونەوە.

قوتابیانی زانکۆکانی ئەڵمانیا لە بوارەکانی پەیوەندیی نێودەوڵەتی و ڕامیاری و رۆژنامەگەری و ڕێکخراوەیی دەخوێنن، ماوەی 10 ڕۆژ لە هەرێمی کوردستان بە ناوچە جیاوازەکاندا لە هەڵەبجە و سلێمانی و دهۆک و لالشدا دەگەڕێن، دەیانەوێت ئاشنایەتی لەگەڵ کلتوور و شارستانییەت و مێژووی کورد دروستبکەن.

فەلاح حەسەن، سەرۆکی فەرمانگە ڕێکخراوە نا حکوومییەکانی هەرێمی کوردستان بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: قوتابیانی زانکۆکانی ئەڵمانیا لە سەردانەکەیان بۆ فەرمانگەکەیان چەندین پرسیاریان سەبارەت بە هەرێمی کوردستان و کاری ڕێکخراوەیی کردووە، ئەوانیش ڕۆڵی ڕێکخراوە مەدەنییە لۆکاڵی و نێودەوڵەتیەکانیان بەگرنگ نیشانداوە لە پێشخستنی کۆمەڵگە و خزمەتکردنی هاووڵاتیان لە هەرێمی کوردستان.