ئیسرائیل: ئامادەین بەرگریی لە درووزەکانی سووریا بکەین
ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاوی کردەوە، ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، ئامادەیە بەرگریی لە درووزەکان لە سووریا بکات، ئەوەش دوای چەند ڕۆژێک لە سەرهەڵدانی توندوتیژی کە بووە هۆی کۆمەڵکوژیی بەکۆمەڵی کەمینە ئایینییەکی دیکە.
هەفتەی ڕابردوو توندوتیژی لە نێوان هێزەکانی سووریای نوێ و چەکدارانی سەر بە بەشار ئەسەدی ڕووخاو دەستی پێ کرد. لە بەیاننامەیەکدا، دەیڤید مینزەر، گوتەبێژی حکوومەتی ئیسرائیل، توندوتیژییەکانی بە "کۆمەڵکوژی خەڵکی مەدەنی" وەسف کردووە و جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئیسرائیل "ئەگەر پێویست بکات، بۆ بەرگریکردن لە درووزەکان ئامادەیە"، بەبێ ئەوەی وردەکارییەکانی چۆنیەتی ڕوودانی ئەم کارە بخاتەڕوو.
پێکهاتەی درووز یەکێکە لەو کەمینانەی لە سەرانسەری ئیسرائیل و سووریا و لوبنان بڵاو بوونەتەوە. پێشتریش حکوومەتی سووریا تەواوبوونی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی دژی یاخیبوونە سەرهەڵداوەکانی ناوچە کەناراوییەکان ڕاگەیاند کە زۆربەیان ئەندامانی کەمینەی عەلەوییەکان تێیدا نیشتەجێن.
ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ کە بنکەکەی لە بەریتانیایە ڕایگەیاندووە، 973 هاووڵاتی مەدەنی لەلایەن هێزەکانی حکوومەت و چەکدارانی هاوپەیمانانەوە کوژراون، هەروەها زیاتر لە 250 چەکداری عەلەوی و نزیکەی 230 کارمەندی ئاسایشی حکوومەت کوژراون.
ئیسرائیل ماڵی کۆمەڵگەیەکی بچووکی درووزە، لە کاتێکدا نزیکەی 24 هەزار درووز لە بەرزاییە داگیرکراوەکانی جۆلان دەژین، ئیسرائیل لە شەڕی 1967 لە سووریا دەستی بەسەردا گرت.
لە ساڵی 1981 ئیسرائیل بە شێوەیەکی تاکلایەنە ئەو بەرزاییانەی گرتەوە کە زۆربەی وڵاتان و نەتەوە یەکگرتووەکان دانیان پێدا نەنرا.
هەروەها زۆرێک لە درووزەکانی سووریا لە بەرزاییەکانی جۆلان دەژین و پەیوەندی خێزانییان لەگەڵ کەسوکارەکانیان لەوێ هەیە. پێشتر ئیسرائیل ڕایگەیاندبوو ڕێگە بە درووزە سوورییەکان دەدات لە جۆلان کار بکەن.
لە 1ـی ئاداردا ئیسرائیل ڕایگەیاند، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی عێراق و ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی، سوپایان ڕاسپاردووە، خۆیان ئامادە بکەن بۆ بەرگریی لە شارۆچکەیەکی درووز لە جەرگەی دیمەشق لە دژی هێزەکانی حکوومەتی سووریا.