زێلێنسکی پێشنیازی گۆڕینەوەی زیندانییەکان لەگەڵ ڕووسیا دەکات

زێلێنسکی پێشنیازی گۆڕینەوەی زیندانییەکان لەگەڵ ڕووسیا دەکات وەک هەنگاوێکی متمانەبەخشین لەگەڵ مۆسکۆ.

لایەنە شەڕکەرەکان کە بریتین لە ڕووسیا و ئۆکرانیا لە چەند ڕێککەوتنێکدا هەزاران دیلیان ئاڵوگۆڕ کردووە، بەڵام تا ئێستا ژمارەی ئەو دیلانەی کە لەلایەن هەردوولاوە دەستبەسەرکراون دیار نییە.

ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا لە سەروبەندی دانوستان لەگەڵ ئەمەریکا لە سعوودیە سەبارەت بە ئەگەری ڕێککەوتنی ئاشتی نێوان وڵاتەکەی و ڕووسیا پێشنیازی ئازادکردنی زیندانییەکان و گەڕاندنەوەی منداڵانی ئۆکرانیا بۆ زێدی خۆیان کرد.

ئۆکرانیا، لە میانی دانوستانەکانی ئەمڕۆ سێشەممە، 11ـی ئاداری 2025،ـی جددە پلانێک بۆ ئاگربەستی بەشێکی لەگەڵ ڕووسیا پێشکەشی ئەمەریکا دەکات، ئەمەش دەستپێشخەرییەکە کە کیێڤ هیوادارە کۆشکی سپی بەدەست بهێنێتەوە، لەدوای گەڕانەوەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ کۆشکی سپی، داوای ئیمتیازات بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی سێ ساڵە دەکات.

زێلێنسکی، لە پلاتفۆرمی ئێکس دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعوودیە ڕایگەیاند، ئەم هەنگاوە "دەتوانێت ببێتە هەنگاوێکی گەورە بۆ دروستکردنی متمانە بە هەوڵە دیپلۆماسییەکان." زێلێنسکی ئاماژەی بەوەش کردووە، "بەشێکی بەرچاو لە گفتوگۆکە تەرخانکراوە بۆ فۆرمولەکانی گەرەنتی ئەمنیی".

حکوومەتی ئۆکرانیا ڕووسیا تۆمەتبار دەکات بەوەی هەزاران منداڵی ڕفاندووە لەو کاتەوەی مۆسکۆ لە مانگی شوباتی 2022 شەڕی تەواوەتی دژی ئۆکرانیا دەست پێ کردووە.

دوو ساڵ لەمەوبەر دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا دەرکرد و تۆمەتباری کردبوو بە ڕفاندنی منداڵانی ئۆکراینی لە خاکی ئۆکرانیا داگیرکراو لەلایەن ڕووسیا بۆ ناو خاکی ڕووسیا، هاوکات مۆسکۆ ئەم ڕووداوانە بە بێبنەما وەسف دەکات.

پەیوەندییەکان سەبارەت بە ئاڵوگۆڕی دیلەکان تاکە کەناڵێکە کە ماوەتەوە بۆ گفتوگۆی نێوان کیێڤ و مۆسکۆ، بەو پێیەی پێشتر هەردوو لایەنی شەڕکەر لە چەندان ئۆپەراسیۆندا هەزاران دیلیان ئاڵوگۆڕ کردووە، بەڵام تا ئێستا ژمارەی ئەو دیلانەی کە لەلایەن هەردوولاوە دەستبەسەرکراون، ناڕوونە.