فه‌رمانی ده‌ستگیركردن بۆ سۆران عومه‌ر ده‌رچوو
دادگا فه‌رمانی ده‌ستگیركردنی بۆ ده‌ركرد
K24 – هه‌ولێر:
دادگای لێكۆڵینه‌وه‌ی هه‌ولێر یادداشتی ده‌ستگیركردنی بۆ سۆران عومه‌ر ده‌ركرد.
ده‌ركردنی ئه‌و بڕیاره‌ی دادگا دوای ئه‌وه دێت له په‌رله‌مان پارێزبه‌ندی له‌سه‌ر په‌رله‌مانتاری كۆمه‌ڵی ئیسلامی كوردستان، سۆران عومه‌ر هه‌ڵگیرا، بۆ ئه‌وه‌ی رووبه‌ڕووی دادگا بكرێته‌وه.
به گوێره‌ی یادداشتی ده‌ستگیركردنه‌كه، كه سه‌رۆكایه‌تی دادگای تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ی ناوچه‌ی هه‌ولێر/ دادگای لێكۆڵینه‌وه‌ی هه‌ولێر ئاراسته‌ی هه‌موو ئه‌ندامانی به‌رزه‌فتی دادوه‌ری و سه‌رجه‌م ئه‌ندامانی پۆلیسی كردووه، ئه‌و هێزانه فه‌رمانیان پێكراوه سۆران عومه‌ر وه‌ك تۆمه‌تبار ده‌ستگیر بكه‌ن و بیده‌ن به دادگا، به‌و پێیه‌ی له بنكه‌ی پۆلیسی خانه‌قا سكاڵای له‌سه‌ر تۆمار كراوه.
سۆران عومه‌ر سه‌عید ئه‌حمه‌د له‌دایكبووی 12ی 12ی 1978ه و له شاری هه‌ولێر له گه‌ڕه‌كی نازستی نیشته‌جێیه و له سلێمانیش له قه‌یوان ستی یه‌كه.
سۆران عومه‌ر به گوێره‌ی حوكمه‌كانی مادده‌ی 433 له یاسای سزادانی عێراقی ژماره 111ی ساڵی 1969 رووبه‌ڕووی دادگا ده‌كرێته‌وه.
مادده‌ی 433 له به‌شی چواره‌می یاسای سزادانه و تایبه‌ته به جوێن و سوكایه‌تی. مادده‌كه له دوو بڕگه پێكهاتووه و له یه‌كه‌میاندا ئاماژه بۆ ئه‌وه كراوه، ئه‌وه‌ی جوێن به هه‌ر كه‌سێك بدات سزاكه‌ی یان به‌ندكردنه یاخود غه‌رامه كردنه و ده‌كرێت به یه‌كێك له‌و سزایانه سزا بدرێت. به‌ڵام ئه‌گه‌ر جوێندانه‌كه له رێگه‌ی بڵاوبوونه‌وه‌ی بوو له رۆژنامه‌یه‌ك، یان چاپه‌مه‌نییه‌ك، یان یه‌كێك له ئامرازه‌كانی راگه‌یاندن، ئه‌وا ره‌وشی سزادانه‌كه‌ی توندتر ده‌بێت.