ئیخڵاس دلێمی: حکوومەت بەمەبەست خشتەی بوودجە بۆ پەرلەمان نانێرێت
جێگری سەرۆکی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئاماژە بەوە دەکات، حکوومەتی عێراق بەمەبەست خشتەی بوودجە ڕەوانەی پەرلەمان ناکات، بۆ ئەوەی نەتوانین دەستکاری بکەین.
ئیخڵاس دلێمی، جێگری سەرۆکی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی ڕایگەیاند: حکوومەتی عێراق تا ئێستا خشتەی بوودجەی 2025ـی بۆ پەرلەمان نەناردووە، دەڵێت: ئێمە لە لێژنەی دارایی بەشێوەیەکی فەرمی داوامان کردووە بوودجەی 2025 بنێردرێت، بەڵام وەزارەتی دارایی فیدراڵ ڕێکارەکانی وردبینی تەواو نەکردووە، دلێمی دەڵێت: ئێمە تێبینیمان لەسەر خشتەکە هەیە و دەبێت پەسەند بکرێت لەسەر بنەمای خەرجی گشتی، نەوەک لەسەر بنەمای 216 ترلیۆن دینار کە لە یاسای بوودجەی 2023 دا هاتووە، چونکە بەپێی داتاکانی وەزارەتی دارایی خەرجییە گشتییەکان لەنێوان 150 بۆ 160 ترلیۆن دینار دەبێت.
ئیخڵاس دلێمی گوتی: باوەڕمان وایە حکوومەت ئێستا ئامادە نییە بۆ ناردنی خشتەی بوودجە، چاوەڕێ دەکات تا کۆتا ڕۆژەکانی کاری پەرلەمان ئەو کات بۆمان بنێرێت بۆ ئەوەی دەستکاری نەکەین و پەسەند بکرێت، چونکە لە مانگی شەش پشووی پەرلەمان دەستپێدەکات، دواتریش هەڵبژاردن دێتە پێشەوە، بۆیە نەناردنی خشتەکە بەمەبەستە.