ئاکرێ.. دوو پرۆژەی تایبەت بۆ بەخێوکردنی ماسی تەواو کراون

لە سنووری ئاکرێ، چوار پرۆژەی بەخێوکردنی ماسی هەن و ئیستا تەنیا دوو پرۆژەیان تەواو بوونە.

سێشەممە، 11ـی ئاداری 2025، عیماد ئەحمەد، بەرپرسی هۆبەی ئاژەڵ لە بەڕێوەبەراییەتیی کشتوکاڵی ئاکرێ، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: لە سنووری شارۆچکەی ئاکرێ، چوار پڕۆژە مۆڵەتداری تایبەت بە بەخوێکردنی ماسی هەن، کە هەر یەکەیان دوو حەوزی گەورە لەخۆ دەگرێت.

عیماد ئەحمەد، گوتیشی: لەو چوار پڕۆژەیەی هەیە، تەنیا دووانیان ماسییان تێدا بەخێو دەکرێت، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا زیاتر لە هەشت هەزار پەنجەماسی دەخرێتە نێو یەکێک لەو دوو پڕۆژەیەی کە ئێستا تەواو بوونە.

بەرپرسی هۆبەی ئاژەڵی ئاکرێ، ئاماژەی بەوەکرد، سەڕەرای هەبوونی ئەم چوار پڕۆژەیە، لە چەند گوندێکی ئاکرێ بەشێوەیەکی سروشتی لە حەوزی بچووک بچووک ماسی بەخێو دەکرێن.

ئاکرێ دەوڵەمەندە بە ماسی، ئەویش بەهۆی هەبوونی هەردوو زێی گەورە و زێی خازر، کە بە ئاکرێ دا تێدەپەڕن.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوو وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: 20ـی ئەم مانگە بڕیاری قەدەغەکردنی ڕاوکردنی ماسی بە هەموو جۆرەکانی دەچێتە بواری جێبەجێ کردنەوە.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment