یەکێتیی ئەورووپا گەڕانەوەی کۆچبەرانی نایاسای خێراتر دەکات

کۆمیسیۆنی ئەورووپا پێشنیازێکی نوێی بۆ دامەزراندنی سیستەمێکی هاوبەشی ئەورووپی بۆ دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەرانی نایاسای و بە ئامانجی خێراکردنی ڕێکارەکانی گەڕانەوە لە سەرانسەری وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا کرد.

کۆمیسیۆن لە بەیاننامەیەکدا ڕوونی کردەوە، پێشنیارەکە بریتییە لە ڕێگەدان بە وڵاتانی ئەندام بۆ دامەزراندنی ناوەندیی دیپۆرتکردنەوە لە وڵاتانی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا بۆ ئەو کەسانەی بڕیاری کۆتایییان وەرگرتووە بۆ گەڕانەوە.

لە بەیاننامەکەدا ئاماژەی بەوەش کردووە، ڕێژەی دیپۆرتکردنەوەی ئێستا لە یەکێتیی ئەورووپا لە سەدا 20 تێپەڕناکات، داوای پەرەپێدانی چوارچێوەیەکی یاسایی "مۆدێرن و کاریگەر" دەکات کە "ئامرازی پێویست" بۆ وڵاتانی ئەندام دابین بکات بۆ جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی گەڕانەوە "بە پابەندبوونی تەواو بە مافە بنەڕەتییەکان".

هەروەها یەکێتیی ئەورووپا داوای لە وڵاتانی ئەندام کرد "چارەسەرێک بۆ بەڕێوەبردنی کۆچبەران" بدۆزنەوە، جەختیشی لەوە کردەوە، دامەزراندنی ناوەندەکانی دیپۆرتکردنەوە لە دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا، دەبێت لەو وڵاتانەدا بکرێت کە پابەندن بە ستانداردە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ و ڕێز لە بنەمای نەگەڕانەوەی کۆچبەران بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان بگرن.

پێشنیارە نوێیەکە بریتییە لە "یەکخستنی سیستەمی دیپۆرتکردنەوە لە ڕێگەی ڕێسایەکی یەکگرتووی ئەورووپی کە دەرکردنی 'فەرمانی گەڕانەوەی ئەورووپی' لەخۆدەگرێت، هەموو وڵاتانی ئەندام پێویستە جێبەجێی بکەن، ئەمەش بەشدارە لە کەمکردنەوەی جیاوازی نێوان 27 سیستەمی جیاوازی ئێستا."

هەروەها دیاری دەکات گەڕانەوەی زۆرەملێ لە هەندێک حاڵەتدا ناچاری دەبێت، وەک ئەگەر ئەو کەسەی کە بە شێوەیەکی نایاسایی نیشتەجێیە پابەند نەبێت بە ڕێکارەکانی گەڕانەوەی خۆبەخشانە، هەڵبێت بۆ وڵاتێکی ئەندامی دیکەی ناو یەکێتییەکە، لە ماوەی دیاریکراودا نەڕوات، بە هەڕەشەیەکی ئەمنیی هەژمار بکرێت.

هەروەها چوارچێوەی یاسایی ڕێوشوێنی توندی لەخۆگرتووە بۆ سنووردارکردنی ئیستغلالکردن و هەڵهاتن، بەو پێیەی دەوڵەتانی ئەندام دەسەڵاتیان پێدەدرێت بۆ بەدواداچوونی شوێنی ئەو کۆچبەرانەی کە کەوتوونەتە ژێر فەرمانی دیپۆرتکردنەوە، لەگەڵ ئەگەری سەپاندنی گەرەنتی دارایی لە هەندێک حاڵەتدا، داواکردنیان لە پێشکەشکردنی ڕاپۆرتی بەردەوام لەسەر شوێنی نیشتەجێبوونیان، یان سنووردارکردنیان بۆ ئەو شوێنانەی لەلایەن دەسەڵاتە نیشتمانییەکانەوە دیاریکراون.

ئەم پێشنیازە هێشتا پێویستی بە ڕەزامەندی پەرلەمانی ئەورووپا و ئەنجوومەنی ئەورووپا هەیە پێش ئەوەی ببێتە یاسای پابەندکەر، ئەمەش دەرگای مشتومڕێکی چڕ لەسەر لایەنە یاسایی و مرۆییەکانی ڕێوشوێنەکە دەکاتەوە.