وەزارەتی دارایی عێراق مووچەی مانگی دووی خەرج کرد
وەزارەتی دارایی عێراق مووچەی مانگی شوبات (دوو)ـی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی خەرج کرد.
چوارشەممە، 12-03-2025، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی عێراق بە دیلان بەرزان، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند، وەزارەتەکە بڕی زیاتر 957 ملیار و 925 ملیۆن دیناری بۆ مووچەی مانگی شوبات (دوو)ـی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان خەرج کرد.
هاوکات وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە "کەمێک پێش ئێستە ناردنی تەمویلی مووچەی مانگی شوباتی فەرمانبەران و مووچەخۆران لەلایەن وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵەوە بۆ سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، دەستی پێ کرد."
ئەمە لە کاتێکدایە، هەر چەندە ماوەی زیاتر لە مانگێک و نیو بوو، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لیستی مووچە و هەموو زانیارییەکی پێویستییان لەبارەی فەرمانبەران بە وەزارەتی دارایی عێراق دابوو، بەڵام وەزارەتەکە بە بیانووی جیاواز، مووچەی مانگی شوباتی فەرمانبەرانی هەرێمی خەرج نەکردبوو.
بە گوێرەی ڕێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، پێویستە مانگانە لەگەڵ دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیش خەرج بکرێت و بابەتەکە لە کێشە سیاسییەکان دوور بخرێتەوە.
دوێنێ سێشەممە، 11-03-2025، شاخەوان عەبدوڵلا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "وەزارەتی دارایی عێراق زۆر جار لە کۆتایی هەموو مانگێک، تەنها بۆ دواخستنی خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، هەندێک بیانوو دەنێتەوە و داوای هەندێک زانیاریی نوێی مووچەخۆران دەکات، لە کاتێکدا هەموو زانیارییەکی پێویستییان لەلایەن وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە پێ دراوە."
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق پێی وایە "ئەوەی کە تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق و چەند کەسانێکی دیکە لە بەغدا، لە بەرانبەر مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەیکەن، سیاسەتێکە پەیڕەو دەکرێت و بەم شێوەیەش بەردەوام نابێت. نە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، نە پەرلەمانتار و نە سیاسەتمەدارانی کوردیش ئەمە قبووڵ ناکەن."