بۆ کۆتایی هێنان بەشەڕ لەگەڵ ئۆکرانیا، مۆسکۆ چەند داواکارییەک دەداتە واشنتن

دوو سەرچاوەی ئاگادار  بە ئاژانسی ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە، ڕووسیا لیستی داواکارییەکانی پێشکەش بە ئەمەریکا کردووە بۆ ئەوەی ڕازی بێت بە ڕێککەوتنێک کە کۆتایی بە شەڕی ئۆکرانیا بهێنێت و پەیوەندییەکانی لەگەڵ واشنتن ڕێک بخاتەوە.

هێشتا ڕوون نییە کە داواکارییەکانی ڕووسیا چین، یان ئامادەیە پێش قبوڵکردنی دانوستانەکانی ئاشتی لەگەڵ کیێڤ بچێتە ناو دانوستانەکانی ئاشتییەوە.

ئەو دوو سەرچاوەیە ڕایان گەیاندووە، بەرپرسانی ڕووسیا و ئەمەریکایی لە ماوەی سێ هەفتەی ڕابردوودا لە کاتی دانوستانی ڕاستەوخۆدا باسیان لە مەرجەکان کردووە.

ئەو دوو سەرچاوەیە بارودۆخی کرێملینیان بە ناڕوون و هاوشێوەی ئەو داواکارییانە وەسف کردووە کە پێشتر لە ئۆکرانیا و ئەمەریکا و ناتۆ کردوویەتی.

ئەو مەرجانەی پێشوو بریتی بوون لە وەرنەگرتنی کیێڤ لە ناتۆ، ڕێککەوتنێک بۆ جێگیرنەکردنی هێزی بیانی لە ئۆکرانیا و دانپێدانانی نێودەوڵەتی بە بە بانگەشەی ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا بۆ کریمیا و چوار پارێزگای دیکەی ڕووسیا.

هەروەها لە ساڵانی ڕابردوودا ڕووسیا داوای لە ئەمەریکا و ناتۆ کردووە، چارەی ئەو شتانە بکەن کە بە "هۆکاری بنەڕەتی" شەڕەکە وەسفی دەکات، لەوانەش فراوانبوونی ناتۆ بەرەو ڕۆژهەڵات.

لە لایەکی دیکەوە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا چاوەڕوانی بڕیاری پوتین دەکات سەبارەت بە ڕازیبوون بە ئاگربەستی 30 ڕۆژە، کە ڕۆژی سێشەممە ڤۆلۆدیمیر زێلنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا ڕایگەیاند "وەک هەنگاوی یەکەم بۆ دانوستانەکانی ئاشتی قبوڵ دەکات."

دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کرێملین ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند، گرنگە "پەلە" لە وەڵامدانەوەی ئەو ئاگربەستەی کە واشنتن پێشنیاری کردووە، ناکەین.

پێسکۆڤ بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، مۆسکۆ چاوەڕوانی "زانیاری ورد" لە ئەمەریکا دەکات، هەروەها گوتی: پێویستە ڕووسیا پێش ئەوەی هەڵوێست وەربگرێت ئەم زانیاریانە بەدەست بهێنێت.

ترەمپ لە میانی گفتوگۆیەکی بەرفراوان لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان لە کۆبوونەوەی ئۆفیسی ئۆڤاڵ لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی ئێرلەندا لەگەڵ میشیل مارتن گوتی: "ئێمە هیوادارین کە بتوانین ڕەزامەندیی ئاگربەست لە ڕووسیا وەربگرین."

سەرۆکی ئەمەریکا هەڕەشەی لە سەپاندنی سزای نوێ بەسەر ڕووسیادا کرد و ئاماژەی بەوەش کرد، دەتوانین ئەوە بکەین، بەڵام هیوادارم پێویست نەبێت.