بەشێكی شەقامی 150 مەتری ھەولێر دەكرێتەوە
.
K24 - ھەولێر
ئێستا زیاتر لە 73%ی بەشی یەكەمی شەقامی 150 مەتری ھەولێر تەواو بووە و سەرپەرشتیاری پڕۆژەكەش رایدەگەیەنێت، پێش وادەی خۆی و لە کۆتایی ئەمساڵ بەشی یەکەمی پڕۆژەكە تەواو دەبێت و دەكرێتەوە.
سەرۆكایەتی شارەوانی ھەولێر، لە زاری بەیاد عەبدولقادر، سەرپەرشتیاری پڕۆژەی شەقامی 150 مەتری ھەولێر رایگەیاند "کارکردن لە پڕۆژەکە بەردەوامە و کۆتایی ئەمساڵ بەشی یەکەمی پڕۆژەکە کە لە شەقامی بەحرکە بۆ شەقامی شەقڵاوەیە دەکرێتەوە".
ئاماژەی بەوەشداوە "پڕۆژەی شەقامی 150 مەتری هەولێر ماوەی 1250 رۆژی بۆ تەرخانکراوە و 73%ی کارەکانی پڕۆژەکە تەواو بووە کە زیاتر لە نۆ کیلۆمەترە."
سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو "بەشی یەکەمی پڕۆژەکە لە شەش ئەندەرپاس و هەشت ئۆڤەر پاس و پردی پەڕینەوە (بەرزە پرد ، ژێر پرد) هەروەها شەقامی لاوەکی لەخۆ دەگرێت. تێچووی پڕۆژەکە زیاتر لە 140 ملیۆن دۆلارە".









