ئاژانسی هەواڵگریی ئەڵمانیا: تاقیگەیەکی چینی سەرچاوەی ڤایرۆسی کۆڤید 19 بووە

ئاژانسی هەواڵگریی ئەڵمانیا لێکۆڵینەوەیان لە چەند ڕاپۆرتێکی بڵاونەکراوەی ساڵانی 2019-2020 کردووە سەبارەت بەچۆنییەتی بڵاوبوونەوە و کاریگەرییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەسەر مێشکی مرۆڤ.

بە گوێرەی ئەو ڕاپۆرتانە، هەندێک لە تاقیکردنەوەکانی ئامۆژگەی زانستی ڤایرۆسەکان لە ووهان، لە تاقیگەیەکی زۆر پێشکەوتوودا بەناوی BSL-4، هەندێک ڤایرۆسی ترسناک بەکار هێنراون کە هیچ دەرمان و پێکوتەیەک بۆ بەرەنگاربوونەوەیان لەبەر دەستدا نەبووە. 

ئاژانسی هەوڵگریی ئەڵمانیا لای وایە لە تاقیگە چینییەکاندا، بە تایبەتی لە ووهان،  لێکۆڵینەوەی ترسناک بۆ دەستکاریی ڤایرۆسەکان کراوە. ئەو تاقیکردنەوانەش لە ژێر کۆدی "تاقیکردنەوەی وەرگرتنی ئەرک" دا کراون و ئەوەش پەیوەندیی بە دروستبوون و پێگەیشتنی خێرای ڤایرۆسی کۆرۆناوە هەبووە.

هەر بە گوێرەی ڕاپۆرتی ئاژانسەکە، لە تاقیگە چینییەکاندا زۆر لە ڕێساکانی سەلامەتی پشتگوێ خراون. 

ئەم ڕاپۆرتەی ئاژانسی هەواڵگریی ئەڵمانیا بە ناوی ساریما، لە دوو ڕۆژنامەی ئەڵمانی بە ناوەکانی دی زایت و سیودداوتشە زایتونگ، بڵاوکراوەتەوە. لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە "گریمانەی دەرچوونی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە یەکێک لە تاقیگەکانی چین لە نیوان %8 تا %95 دایە." 

هەر چەند ڕاپۆرتەکەی ئاژانسی هەواڵگریی ئەڵمانیا لە  ساڵی 2020 ئامادە کراوە، بەڵام ڕاوێژکاری پێشووی ئەڵمان، ئەنجیلا مێرکڵ و ڕاوێژکاری ئێستە ئۆڵاف شوڵتز، باسی ئەوەیان نەکردووە ئایا ئەو ڕاپۆرتەیان بینیووە یان نا؟!