سلێمانی هەناردەی ئاژەڵی زیندووی بۆ پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق ڕاگرت
بۆ پرکردنەوەی پێداویستیی بازاڕ و خواستی هاووڵاتیان لە پارێزگای سلێمانی، پشت بە مریشک و هێلکەی پرۆژەکانی ناوخۆ دەبەسترێت، هاوردەکردنی سەوزە و میوەش بەپێی خواست و پێویستی بازاڕ کراوە دەبێت.
قایمقامیەتی سلێمانی ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە، بەمەبەستی دانانی هاوسەنگیی بەرووبوومی ئاژەڵ و پەلەوەر و بەرهەمەکانی سەوزە و میوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 13ـی ئادار لە کۆبوونەوەیەکدا لە دیوانی قایمقامیەت، بە بایەخەوە باس لەسەر میکانیزمەکانی پاراستنی هاوسەنگی لە نێوان بەرهەم و بەرووبوومی ناوخۆیی و هاوردەکراودا کرا، بە جۆرێک کە خواستی هاووڵاتیان و پێداویستی بازاڕ پربکاتەوە. هاوکات ڕێگریی لە بەرزبوونەوەی نرخ بکرێت، بایەخی زیاتریش بە بەرهەمی ناوخۆیی بدرێت.
لە میانی کۆبوونەوەکەدا، بڕیاردرا پشت بە مریشک و هێلکەی پرۆژەکانی ناوخۆ ببەسترێت، لەبەرئەوەی بەرهەمی پرۆژەکانی ناوخۆی مریشک و هێلکە لە وەرزی بەهاردا زۆر دەبن، هەروەها لە چوارچێوەی بڕیار و ڕێنماییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕێگە بە هاوردەکردنی گۆشت و ئاژەڵی زیندوو، ماسی دەدرێت و هاوردەکردنیان لەمانگی سێ دا کراوە دەبێت.
ئاماژە بەوەش دراوە، لەبارەی بەرووبوومی ئاژەڵی بچووک لە ناوخۆدا، ئاوات محەممەد، قایمقامی سلێمانی لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد کە ڕێگریی لە بردنە دەرەوەی ئاژەڵی زیندوو بکرێت بۆ پارێزگاکانی ناوەراست و باشووری عیراق، لەبەرئەوەی ئێستا خواستی هاووڵاتیان لە سەر بەکارهێنانی گۆشتی سوور زیادی کردووە، ئەم قەدەغەکردنەش دەبێتە هەنگاوێک بۆ ڕێگریی لە بەرزبوونەوەی نرخی گۆشت لە بازاڕدا.
ڕوونیشی کردەوە، باس لەو هەنگاوانە کرا کە پێویستە بگیرێتە بەر بۆ دانانی هاوسەنگی لە نێوان بەرهەمی سەوزە و میوەی ناوخۆ و هاوردەکراودا، کە لەم وەرزەدا بەرهەمەکانی ناوخۆ بەتەواوەتی پێنەگەیشتوون، بۆیە ڕێگە دەدرێت هاوردەکردنی چەند جۆرێک سەوزەو میوە بە پێی پێویست هاوردە بکرێت، بە مەرجێک بەشێوەیەکی تەندروست و لەژێر چاودێریدا هاوردە بکرێت.
لەکۆتایی کۆبوونەوەکەشدا قایمقامی سلێمانی جەختی لەسەر قەدەغەی هاوردەکردن و ساغکردنەوەی فاسۆلیای تەڕ کردەوە، کە ئێستا بەهۆی بڵاوبوونەوەی جۆرە نەخۆشیەک تێیدا هاوردەکردنی ڕاگیراوە، هەر بۆیە لیژنەهاوبەشەکانی ڕاسپاردووە لە هەر شوێنێکی میوە فرۆشیدا بینرا، دەسبەجێ دەستی بەسەردا بگرن و لەناوی ببەن.