وەزارەتی دارایی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان دڵنیا دەکاتەوە

بەڕێوبەرایەتیی گشتیی ژمێرکاری لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان، ئەگەر ڕۆژی یەکشەممە 16ـی ئادار بەهۆی بەشدارییان لە یادی کیمیابارانی هەڵەبجە، نەیانتوانی مووچەکانیان وەرگرن، ئەوا دەتوانن ڕۆژانی دواتر سەردانی بانکەکان بکەن و مووچەکانیان وەربگرن.
پێنجشەممە 13ـی ئاداری 2025، بەڕێوبەرایەتیی گشتیی ژمێرکاری لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، لەبارەی مووچەی مانگی شوبات، لە ڕاگەیەندراوێکدا کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان دڵنیا دەکاتەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، لەگەڵ ئەوەی بە پێی لیستی مووچە، ڕۆژی یەک شەممە 16ـی ئادار، مووچەی مانگی شوباتی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان دابەش دەکرێت، بۆ ئەو کەسانەی لەو ڕۆژەدا بەهۆی بەشدارییان لە یادی کیمیابارانی هەڵەبجە ناتوانن مووچەکانیان وەربگرن، ئەوا ڕۆژانی دواتر دەتوانن سەردانی بانکەکان بکەن و مووچەکانیان وەربگرن.
بەڕێوبەرایەتیی گشتیی ژمێرکاری، دەڵێت: سەرجەم بانکەکانی سەر بە وەزارەتی دارایی لە خزمەت کەس و کاری شەهیدان و ئەنفالکراوان دەبن.
چوارشەممە، 12ـی ئاداری 2025، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیەنراوێکدا، لیستی مووچەی مانگی شوباتی مووچەخۆرانی هەرێمی بڵاو کردەوە.
وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوە دا، سبەینێ پێنجشەممە 13ـی ئادار، دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت، سەرەتا خانەنشینانی شارستانی، خاوەن پێداویستی تایبەت، زیندانە سیاسییەکان و بەرکەوتووانی کیمیایی مووچەکانیان وەردەگرن.
وەزارەتەکە دەڵێت: دابەشکردنی مووچەی مانگی شوبات، تا ڕۆژی سێشەممە 18ـی ئادار بەردەوام دەبێت.