پرسی ئەندامبوونی تورکیا لە یەکێتیی ئەورووپا پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێ

پەیوەندییەکانی یەکێتیی ئەورووپا و تورکیا پێیان ناوەتە قۆناغێکی نوێ. ئەردۆغان جەخت لە پێویستیی ئەندامبوونی وڵاتەکەی لە یەکێتییەکەدا دەکاتەوە، ئەورووپاش لەبەر ئەمەریکا، دەیەوێت ئەنقەرە لە خۆی نزیک بکاتەوە.
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا پێی وایە، تاکە چارەسەر بۆ ڕێگریی لە کەمبوونەوەی هەژموونی یەکێتی ئەورووپا، ئەندامێتیی تورکیایە. گرنگیی ئەنقەرە تەنیا لە ڕووی جیۆپۆڵەتیکەوە نییە، بەڵکوو بوونی وەکوو دووەم هێزی سەربازیی ناتۆش، کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی هەیە.
ئەردۆغان لەبارەی ئەندامبوونی تورکیا لە یەکێتیی تورکیا گوتی: "ئەندامبوونمان لە یەکێتیی ئەورووپا وەک ئامانجێکی ستراتیجی دەبینین و هەمیشە جەختی لەسەر دەکەمەوە. ماوە ماوە بە هاوشانە ئەوروپییەکانمان دەڵێین، دەمانەوێت هەماهەنگی و هاریکارییەکانمان لەسەر بنەمای بەرژەوەندی و ڕێزی هاوبەش بەرەوپێش ببەین. جارێکی دیکە دەمەوێت بە ڕوونی بیڵێم، ئەورووپا دەتوانێت ڕێگریی لە دابەزینی هەژموونی بکات و بگرە لەوەی دووبارە بەرزی بکاتەوە، ئەویش بە ئەندامێتیی تورکیاوە دەبێت."
لە لایەکی دیکەوە ئەورووپاش دەیەوێت هێزی سەربازیی تورکیا لە بەرژەوەندیی خۆیدا بەکاربهێنێت، بە تایبەت لە کاتێکدا کە ئەمەریکا بەردەوام هەڕەشەی لێ دەکات و خۆی لە ڕووسیا نزیک کردووەتەوە.
کاسپار ڤێردکامپ، وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا لەوبارەوە ڕایگەیاند: "وەک مارک ڕووتە، ئەمینداری گشتیی ڕێکخراوی ناتۆش ڕایگەیاندبوو، دەکرێت تورکیا پاڵپشتییەکی بەرچاوی بۆ ئاسایشی ئەورووپا هەبێت، ئەمە زۆر گرنگە. تورکیا خاوەن ئەزموون و توانایەکی گەورەی سەربازییە، بۆیە دەتوانێت لە ئاسایشی گشتیی ئەورووپادا ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبێت."
پێشتر یەکێتیی ئەورووپا، تورکیای بە پێشێلکردنی سەروەریی یاسا و مافەکانی مرۆڤ تۆمەتبار کردبوو، هاوکات پرسی کوردیش بابەتێکی گرنگیی دانوستانەکان بووە، بەڵام وادیارە قۆناغی نوێی ئاشتی، مەترسییە سەربازییەکانی سەر ئەورووپا و هەڵوێستی ئەمەریکا وا لە یەکێتیی ئەورووپا بکات، جاریکی دیکە دەست بە دانوستانەکانی لەگەڵ تورکیا بکاتەوە.