گوتەبێژی حەماس بۆ کوردستان24: گفتوگۆکان لەبارەی ئاگربەست بەردەوامن و نەگەیشتووینەتە ڕێککەوتن

گوتەبێژی حەماس جەخت لەوە دەکاتەوە، دەیانەوێت لە زووترین کاتدا قۆناغی دووەمی ئاگربەستی غەززە دەست پێ بکات. دەشڵێت: ڕێگریی ئیسرائیل بەردەوام بێت، خەڵکی غەززە ڕووبەڕووی برسێتییەکی نوێ دەبێتەوە. هاوکات پێشوازی لە لێدوانی ترەمپ، لەبارەی ڕێگریی لە گواستنەوەی خەڵکی غەززە دەکات. 

هەینی، 14-03-2025، عەبدولـلـەتیف قانوع، گوتەبێژی بزووتنەوەی مقاوەمەی ئیسلامیی فەڵەستینی (حەماس) لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ  ماڵپەری کوردستان24، وەڵامی ژمارەیەک پرسیاری تایبەت بە ڕێککەوتنی ئاگربەست، ئاوەدانکردنەوەی غەززە، دۆخی ژیانی هاووڵاتییانی سڤیل و چەند پرسێکی دیکەی دایەوە. 

هەڵوێستی حەماس لەبارەی لێدوانی ترەمپ بۆ ڕاگواستنی خەڵکی غەززە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا، لەگەڵ لەگەڵ مایکڵ مارتن، سەرۆک وەزیرانی ئێرلەندا، لەبارەی پلانەکردنی بۆ گواستنەوەی هاووڵاتییانی غەززە بۆ ئوردن و میسر، ڕایگەیاند "هیچ فەڵەستینییەک لە غەززە دەرناکرێت."

گوتەبێژی حەماس لەوبارەوە بە کوردستان24ـی گوت: "ئێمە پێشوازی لە قسەکانی ترەمپ دەکەین و جەخت لەوە دەکەینەوە، هیچ لایەنێک ناتوانێت دانیشتووانی غەززە ناچار بکات، شوێنی باب و باپیرانیان بەجێ بهێڵن." 

گوتەبێژی حەماس باسی لەوەش کرد، ئەوان پێشتر پێشوازییان لە پلانی وڵاتانی عەرەبی بۆ ئاوەدانکردنەوەی کەرتی غەززە لە ماوەی پێنج ساڵدا کردووە و ئەمە دەکرێت باشترین پلان بێت، نەک ڕاگواستنەوەی دانیشتووانەکەی بۆ وڵاتانی دەوروبەری کەرتەکە.

"خەڵکی غەززە بە دەست برسێتییەوە دەناڵێنن"

ڕۆژی 01ـی ئەم مانگە، قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنی ئاگربەستی غەززە کۆتایی هات. لەو ڕۆژەوە، ئیسرائیل ڕێگەی بە گەیاندنی هیچ جۆرە هاوکارییەکی مرۆیی بۆ کەرتی غەززە نەداوە و کارەبای گشتیشی لەسەر کەرتەکە بڕیوە. 

عەبدولـلـەتیف قانوع لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لە خراپی دۆخ و گوزەرانی خەڵکی غەززە کرد و گوتی: "لەبەر ئەوەی دوو هەفتەیە قەوارەی زایۆنی (ئیسرائیل) ڕێگە نادات، خۆراک، دەرمان، سووتەمەنی و پێدوایستییە سەرەکییەکان بێنە ناو کەرتی غەززەدا، دانیشتووانەکەی لە دۆخێکی زۆر خراپی مرۆییدا دەژین."

گوتەبێژی حەماس داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد، فشار لە ئیسرائیل بکات، سزادانی بە کۆمەڵی خەڵکی غەززە ڕابگرێت و ڕێگە بە چوونەناوەوەی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ ناو کەرتی غەززە بدات، چونکە وەکوو خۆی گوتی "ئەگەر گەمارۆکە بەم شێوەیەی ئێستە بەردەوام بێت، لە مانگی ڕەمەزاندا، جارێکی دیکە خەڵکی کەرتەکە ڕووبەڕووی برسێتیی نوێی دژوار دەبنەوە."

قۆناغی دووەمی ڕێککەوتنی ئاگربەستی غەززە

چەند ڕۆژێکە شاندێکی حەماس بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی قۆناغی دووەمی ڕێککەوتنی ئاگربەستی غەززە لە قەتەرە. بە گوێرەی مێدیا ئەمەریکییەکانیش، ئیدارەی ترەمپ، پێشنیازێکی پێشکەشی حەماس و ئیسرائیل کردووە، بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەست بۆ ماوەی دوو مانگ، لە بەرانبەردا ئازادکردنی 10 بارمتەی ژێر دەستی حەماس و سەدان زیندانی فەڵەستینی.

عەبدولـلـەتیف قانوع دووپاتی کردەوە، تاوەکوو ئێستە لەبارەی قۆناغی دووەمی ئاگربەستی غەززە لەگەڵ ئیسرائیل نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن و جەختی لەوە کردەوە "ئێمە وەکوو حەماس لەگەڵ ئەوەداین لە زووترین کاتدا قۆناغی دووەم دەست پێ بکات."

گوتەبێژی حەماس لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سوپاسی نێودەنگیرەکانی کرد و ئاماژەی بەوە دا "بە شێوەیەکی ئەرێنی و بەرپرسیارانە چاودێریی گفتوگۆکانی تایبەت بە قۆناغی دووەمی ئاگربەست لە دەوحەی پایتەختی قەتەر دەکەین."

ئاگربەستی غەززە و ئازادکردنی بارمتە و زیندانیییەکان

ڕۆژی 19-01-2025، قۆناغی یەکەمی ئاگربەستی غەززە لە نێوان حەماس و ئیسرائیل بە نێوەندگیریی میسر، قەتەر و ئەمەریکا چووە واری جێبەجێ کردنەوە و ڕۆژی 01-03-2025ـیش کۆتایی هات. 

لە ماوەی قۆناغی یەکەمی ئاگربەستی غەززە، کە نزیکەی 42 ڕۆژی خایاند، حەماس 33 بارمتەی ئیسرائیلی و ئیسرائیلیش زیاتر لە هەزار و 800 زیدانی فەڵەستینی ئازاد کرد.